/   هەواڵ
د. نەرمین مەعروف: وەزیری دارایی عیراق بەو شێوەیە كاردەكەن كە خۆیان خوازیارن
2024-03-13
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عیراقی كردو پێكەوە لە كۆبونەوەیەكدا چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد.
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەوە، نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكان رایگەیاند: وەزیری دارایی عیراق رایگەیاندوە كە كار بە (هەژماری من ناكەن) بەڵكو بەو شێوەیە كاردەكەن كە خۆیان خوازیارن، بۆیە ئەمە وردەكاری پرۆسەی بە نیشتمانیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمە گرنگ ئەوەیە پرۆسەكە دەستی پێ بكرێت بەهاوبەشی لەلایەن هەردوو وەزارەتی دارایی عیراق و هەرێم.
نەرمین مەعروف وتیشی: زانیاری فەرمانبەران لە بایۆمەتری هەیەو لە كارتی بانكیشدا دەبێت هەبێت گرنگ ئەوەیە زانیارییەكان لەهەر كوێیەك بن كاریان پێ بكرێت، ئەو زانیاریانەی موچەخۆران كە لەهەرێم هەیە هەمان زانیارییە كە موچەخۆرێكی تر لە عیراق هەیەتی هیچ گۆڕانكارییەكی تیادا نیە، بۆیە گرنگ ئەوەیە سود لەو زانیاریانە وەربگرێت كە لەبەردەستی هەرێمدایە تاكو پرۆسەكە سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بەناردنی موچەی هێزە ئەمنییەكانیش ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند: وەزیری دارایی عیراق رایگەیاندوە زانیارییەكانی هێزە ئەمنییەكانی عیراقیان لە بەردەستدایەو بە كارتی بانكی موچە وەردەگرن هەركات هەرێمی كوردستان زانیارییەكانی هێزە ئەمنییەكانی بۆ ناردن ئەوان موچەی ئەوانیش دەنێرن و رێگر نین لە دابەشكردنی موچەی هێزە ئەمنییەكان بەمەرجێك لیستەكانیان بگاتە حكومەتی ناوەند.
لەبارەی پرۆسەی كردنەوەی هەژماری بانكیشەوە نەرمین مەعروف رایگەیاند: لەكۆبونەوەكەدا باس لە كۆمپانیای (كی كارد) كرا كە وتویەتی لەماوەی 15 رۆژدا دەتوانێت پرۆسەی كردنەوەی هەژمار بۆ موچەخۆران تەواو بكات.