/   هەواڵ

کاروان یاروەیس: سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی لەعێراق کێشەی گەورەیان هەیە، نە ئەم سیستەمە نە ئەم نوخبە سیاسیە ناتوانن لەمە باشتر پێشکەش بکەن

2024-05-18

بەگوێرەی بەشێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ، پەرلەمانتارانی تەقەدووم کە محەمەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات، هەوڵیاندەدا دانیشتنەکە نەکرێت و نیسابی یاسایی تەواو نەکرێت، بەڵام دوای ئەوەی نیساب تەواوبوو، رێگریان دەکرد دانیشتنەکە بکرێت و سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، تاوەکو گەیشتە ئەوەی گرژیی و شەڕی دەستەویەخە دروستبوو.
بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، پەرلەمانتارێک سەری شکاوە و هێزەکانی پاراستنی پەرلەمان چوونەتە ناو هۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوەی رێگریی لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان بکەن.
لە دوای گرژییەکان، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت، دانیشتنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک، بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
لایخۆشیەوە پەرلەمانتار (کاروان یار وەیس) نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هاژماری تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: "شەڕو ئاژاوەکانی دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دووپاتیانکردوە، کە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی لەعێراق کێشەی گەورەیان هەیە و گەیشتۆتە بنبەست. نە ئەم سیستەمە نە ئەم نوخبە سیاسیە ناتوانن لەمە باشتر پێشکەش بکەن."
دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق دوو گه‌ڕی ده‌نگدانی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان سازكرد و هیچ كام له‌ كاندیده‌كان ده‌نگی پێویستیان نه‌هێنا، په‌رله‌مان پشویه‌كی وه‌رگرت.
ئه‌مشه‌و سه‌رۆكایه‌تیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مانتاران لێدا تا بچنه‌وه‌ هۆڵی په‌رله‌مان، به‌ڵام په‌رله‌مانتارانی سه‌ربه‌ كوتله‌كه‌ی حه‌لبوسی هه‌وڵیان دا دانشتنه‌كان ساز نه‌كرێت، دواتر له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان گرژی و پشێوی و ئاڵۆزی دروستبوو، موحسن مه‌نده‌لاوی، سه‌رۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ وه‌كاله‌ت، دانیشتنه‌كه‌ی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.
سه‌رۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند ده‌بێت ته‌نها یه‌ك كاندید بۆ سه‌رۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریبكرێت، ئه‌گه‌رنا رێگه‌نادات دانیشتنه‌كه‌ ساز بكرێت
وه‌ك له‌ میدیاكانیش ڤیدیۆكان بڵاوكرایه‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چونه‌ هۆڵی په‌رله‌مان بۆ كپكردنه‌وه‌ی پشێوییه‌كه‌ و له‌ژێر چاودێریی توندی ئه‌منیدا، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیان برده‌ ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ به‌ ئاماده‌بوونی‌ 329 په‌رله‌مانتار، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سازكرد و له‌ برگه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێدا ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجامدراو له‌سه‌ره‌تادا ناوی‌ كاندیدان بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق خوێندرایه‌وه‌ كه‌ بریتی بوون له‌ "سالم عیساوی، ته‌ڵال ئه‌لزه‌وبه‌عی، عامر عه‌بدولجه‌بار و مه‌حمود مه‌شهه‌دانی".
دوای ئه‌وه‌ی هیچكام له‌ كاندیدكان ده‌نگی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له‌ گه‌ری یه‌كه‌م به‌ده‌ست نه‌هێنا، پرۆسه‌كه‌ چووه‌ گه‌ری دووه‌م و كێبركێكه‌ له‌ نێوان مه‌حمود مه‌شهه‌دانی و سالم عیساوی مایه‌وه‌، لە گه‌ری دووه‌میش له‌ کۆی 329 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 311 پەرلەمانتار دەنگی دا و دوای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیش، هیچ كام له‌و كاندیدانه‌ ده‌نگی پێویستیان به‌ ده‌ست نه‌هێنا و پرۆسه‌كه‌ كه‌وته‌ گه‌ری سێیه‌م.
له‌ گه‌ری دوومدا عیساوی 158 ده‌نگ  و مه‌شهه‌دانی 137 ده‌نگ و عامر عه‌بدولجه‌بار 3 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا و ته‌لاڵ زه‌وبه‌عی هیچ ده‌نگێكی به‌ده‌ست نه‌هێنا و 13 ده‌نگی پوچه‌ڵیش هه‌بوون.
شایانی باسە لە 14ی تشرینی‌ دووەمی ساڵی‌ 2023، دادگەی‌ باڵای‌ فیدراڵیی عێراق بە بڕیارێک متمانەی ئەندامیێتیی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراقی وەرگرتەوە و لەوکاتەوە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆکە.


 

زیاتر بخوێنەوە