/   هەواڵ

وەزارەتی ناوخۆ پاش رەتکردنەوەی بڕیارێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رەزامەندی لەسەر دەدات.

2024-05-20

(ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) لە كۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (87) هەشتاو حەوتەمی خۆیدا لە ڕێكەوتی (9/8/2023) سەبارەت بە فراوانكردنی حەرەمی ئەوگوندانەی كە دەكەونە ناوسنوری ماستەر پلانی شاری بڕیاریدا بە  پەسەندكردنی فراوانكردنی حەرەمی(28) بیست و هەشت گوندی ناو سنوری ماستەرپلانی شاری سلێمانی بە سنوری ساڵانی (2005 یان 2006 یان 2012 ) كە فراوانكراوە بە سنوری پێش (31/12/2012) بۆ بەرژەوەندی گشتی.
دواتر ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بڕیارەکەی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆکرد، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ رەزامەندی نەدا بە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
دوێنێ (یەکشەممە) رێکەوتی (19/5/2024) پاش نزیکەی  هەشت مانگ لە رەتکردنەوەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە نوسراوی ژمارە (13359) بەیانی ژمارە (5)ی ساڵی (2024) رەزامەنی نیشاندا بە ناوەڕۆکی بڕیاری ژمارە (12)ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە فراوانکردنی حەرەمی (28) گوندی سنوری پارێزگای سلێمانی.
لەو بارەیەوە (د.هەڤاڵ ئەبوبەكر) پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندوە، دوای فراوانكردنی ماستەرپلانی شاری سلێمانی 28 گوند كەوتونەتە ناو ماستەرپلان و بەپێی یاسا مۆڵەتی تاپۆكردنیان هەیە، بۆ تاپۆكردنیش هیچ ماوەیەك دیاری نەكراوە دانیشتوانی ئەو گوندانە هەر كاتێك مەبەستیان بێت دەتوانن زەوی یان خانوەكانیان تاپۆ بكەن. وتیشی، دوای بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان دەستبەجێكردنی بڕیاری تاپۆكردن دەكرێت و روبەری خانو یان زەوییەكە تا 400 مەتر دوجا مەتری بە (15) هەزار دینار تاپۆ دەكرێت، بڕیارەكەش رێژەی خانوە زێدەڕۆكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی كەم دەكاتەوە، چونكە 29 هەزار خانوی زێدەڕۆ هەن.
هاوکات یاساناس (دیلمان لطیف رشید) سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕەوەکانی سلێمانی، سەبارەت بەسودی ئەم بڕیارە رایگەیاند:
بەهۆی ئەم فراوانکردنانەوە خانووەکانی ناو حەرەمی فراوانکراوی ئەو گوندانە بە زیادەڕەوی دانانرێن بەڵکو بە خانووی ناو حەرەمی گوند دادەنرێن و بەهۆی ئەوەشەوە بەپێی یاسای تاپۆکردنی تەجاوزات (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٩ هەموارکراو) تاپۆ ناکرێن بەڵکو بەپێی یاسای تاپۆکردنی حەرەمی گوند (ژمارە ١٢ ساڵی ٢٠١٢) تاپۆ دەکرێن کە مەرج و رێکارەکانی ئاسانە و پارەی تاپۆکردنەکەشی کەمترە لە پارەی تاپۆکردنی خانووە تەجاوزەکان و تەنها 15000 دینارە بۆ یەک مەتری چوارگۆشە، هەروەها بەهۆی ئەم فراوانکردنانەوە ئەو خانووانەش تاپۆدەکرێن کە پاش ٢٠٢٠/١٢/٣١ دروستکراون و ئەوانەش کە ئێستا زەوی یان هەیکەلن و پاش ئەم بەیاننامەیە دروست دەکرێن هەتا ئەوکاتەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ١٢ ساڵی ٢٠١٢ بەسەر حەرەمی گوندەکەدا رادەگەیەندرێت، وە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ١٢ ساڵی ٢٠١٢ کاتی دیاریکراوی نییە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێ هەتا کارەکە تەواودەکرێت بەڵام یاسای تاپۆکردنی تەجاوزات (ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٩ هەموارکراو) کاتی دیاریکراوی هەیە و لە رێکەوتی (٢٠٢٤/٠٩/٠٩) کۆتایی دێت.


 
بڕیاری ژمارە (12 ) ی ساڵی 2023
(ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پاڵپشت بەبڕگەی یەكەم و دەیەم لە ماددەی (9) نۆیەم لە پەیڕەوی هەمواركراوی ناوخۆی ئەنجومەن. بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە:
ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (87) هەشتاو حەوتەمی خۆیدا لە ڕێكەوتی (9/8/2023) لە هۆڵی كۆبونەوەكانی پارێزگای سلێمانی بەسەرپەرشتی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەن و ئامادەبوونی دەستەی سەرۆكایەتی و ئامادەبوونی (28) ئەندام لە كۆی گشتی (32) ئەندامی ئەنجومەن وە پاڵپشت بە بڕگەی (13) لە ماددەی شەشەمی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان –عێراق. ژمارە (3) ی ساڵی (2009) وە ئاماژە بە نوسراوی پارێزگای سلێمانی ژمارە (7649) لە ڕێكەوتی (18/7/2023) سەبارەت بە فراوانكردنی حەرەمی ئەوگوندانەی كە دەكەونە ناوسنوری ماستەر پلانی شاری سلێمانی وە نوسراوی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ژمارە (16993 لە 18/7/2023) كە ئاماژەی پێكراوە و پشتگیری هاوبەشی لیژنەی كاروباری یاسایی ئەنجومەن و لیژنەی خزمەتگوزاری و شارەوانی لە 6/8/2023.بڕیاردرا بە:
1. پەسەندكردنی فراوانكردنی حەرەمی(28) بیست و هەشت گوندی ناو سنوری ماستەرپلانی شاری سلێمانی بە سنوری ساڵانی (2005 یان 2006 یان 2012 ) كە فراوانكراوە بە سنوری پێش (31/12/2012) بۆ بەرژەوەندی گشتی.
2. لە هاوپێچدا هەرگوندێك فراوانكردنەكەی بە سنوری كۆتایی ساڵەكەی دیاریكراوە كە دەكەوێتە سەر ئەو پارچە بنەڕەتیانەی بەرامبەر ڕووبەرەكانیان دیاریكراوە و دەبێتە بەشێك لە حەرەمی گوندەكە و لەسەر نەخشەی كادسترۆ دەچەسپێنرێت.
3. ئەم بڕیارە بە دەنگی (26) ئەندام پەسەندكرا.
4. ئەم بڕیارە لە سلێمانی نوسرا لە ڕێكەوتی (9/8/2023) بۆ جێبە جێكردن.       
                                                                                                                                                                                                                                                                                          ئازاد محمد ئەمین
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی





حکومەتی هەرێمی کوردستان- عێراق
ئەنجومەنی وەزیران
وەزارەتی ناوخۆ
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان
ف.کارگێڕی و سەرچاوە مرۆییەکان
ژمارە: 25411/ ك
رێکەوت: 6/9/2023
بۆ/ پارێزگای سلێمانی
ب/ فراوانکردنی (28)گوند

ئاماژە بە بڕیاری (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) ژمارە (12)ی ساڵی 2023.
بەپێی رێنماییمان ژمارە (1)ی ساڵی 2015 ی هەموارکراو ماددەی سێیەم فراوانکردنی گوند و چەسپاندن و گواستنەوەی ئەم گوندانە ناگرێتەوە کە دەکەوێتە ناو ماستەر پلانی شارو یەکە کارگێڕییەکان بۆ ئاگاداریتان.

لەگەڵ رێزدا..
                                                                                                                                                                                                                                                                                                       هێمن میرانی
بەڕێوەبەری گشتی دیوان



 

زیاتر بخوێنەوە