/   هەواڵ

دەیەم راپۆرتی (پارێزگای سلێمانی و نوێنەرانی) بڵاوکرایەوە

2024-12-25

رۆژی (چوار شەممە) بەرواری (٢٥/12/٢٠٢٤) بەئامادەبوونی  نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی ‏لەئەنجومەنی ‏نوێنەرانی عێراق ‌ودەستەی ‏سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاو  و بەشێك لە ‏ئەندامانی (ئەنجومەنی ‏پارێزگای سلێمانی)و هەردوو نوسینگەی سلێمانی و هەڵەبجەی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) و کەناڵەکانی راگەیاندن، لە مەراسیمێكی تایبەتدا دەیەم راپۆرتی  (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) لەلایەن (رێكخراوی ‏كوردستان بۆ ‏هەمووان)ەوە بڵاوكرایەوە‏‎
.‎لەسەرەتای مەراسیمەكەدا بەڕێز (ئاواز سەلیم) سەرۆكی (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) وتەی رێکخراوی پێشکەش کردو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد:" ئەمساڵ (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) دەیەم راپۆرتی خۆی تایبەت بە نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە هەردوو (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)، بڵاودەکاتەوە، لەم راپۆرتەدا هاوشێوەی راپۆرتەکانی ساڵانی پێشوو، بەو پەڕی بێلایەنییەوە کارمان لەسەر راپۆرتەکە کردووە و هەگبەی ساڵێکی (نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی)مان بۆ هاووڵاتیان و دەنگدەران و لایەنە سیاسییەکان و رایگشتی خستۆتەڕوو، هەروەها جیاوازتر لەساڵانی رابردوو، ئەمساڵ چەند نوێنەرێکی پارێزگای سلێمانی، بەداخەوە داوایان لە تیمی پڕۆژە دەکرد، هەڵسەنگاندنەکە ئەاون نەگرێتەوەو چالاکییەکانیان لەم راپۆرتەدا بڵاونەکرێنەوە، بەراستی ئەم بابەتەش تیمی پرۆژەی شۆک کرد، کە نوێنەری هاووڵاتیان ئامادەنەبێت چالاکییەکان و جووڵەی خۆی لە راپۆرتێکدا بۆ رایگشتی بڵاوبکرێتەوە و رازی نەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەجێگەیاندنی بکرێت، ئێمە لە (رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان) پێمانوایە کە:
یەکەم/ لەبەر ئەوەی ئەرکی سەرەکی نوێنەر، نوێنەرایەتیکردنی خەڵکە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە هەموو هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ نوێنەرانی هەڵبژێردراو بکات، چ جای رێکخراوێکی فەرمی مۆڵەتپێدراو و سەربەخۆو بێلایەن.
دووەم/ کاری نوێنەرایەتی کارێکی خێرخوازی نییە، هەتا خاوەنەکەی نەیەوێت، خەڵکی لە نوێنەرایەتی کردنەکەی ئاگاداربن."
هەر لەدرێژەی وتەکەیدا، سەرۆکی رێکخراو رایگەیاند: " سەبارەت بەئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش، کە لە ئێستادا بەهۆی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوە کارەکانیان راگیراون، رێکخراوەکەمان، هەڵمەتی (کاراکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی) راگەیاندووەو بڕیاریشە دوای دەستبەکاربوونی (خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان، چالاکییەکانی دیکەی هەڵمەتەکە دەستپێبکات، بەو ئومێدەی لەزووترین کاتدا، هەڵبژاردن بۆ خولی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمیش ئەنجامبدرێت."

 ‏پاشان لەلایەن (ئارام كەمال)بەڕێوبەری پڕۆژەوە، پوختەیەك لە راپۆرتی دەیەم خرایەڕوو‎.‎
دواتر هەریەکە لە پەرلەمانتاران (دارا سێکانیانی، بڕیار رەشید) لە وتەیەکیاندا، دەستخۆشیان لە تیمی پڕۆژە کردو راپۆرتەکایان بەهاندەرێکی باشیان بۆ نوێنەران وەسفکردو داواشیان کرد رێکخراو بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی و هاوکاتیش هاوکاری و هەمانگی خۆیان بۆ تیمی پڕۆژە دووبارەکردەوە
پاشان مامۆستا (مەهدی مەحمود) سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە وتەیەکدا، ستایشی ئەمجۆرە پرۆژانەی کردو رایگەیاند گرنگە ئەمجۆرە چالاکییانە بەردەوامیان هەبێت...، دەستخۆشی و پێزانینی هەبوو بۆ چالاکییەکانی رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان، کە لەئێستادا هەڵمەتی کاراکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی راگەیاندووەو هیوای خواست خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم بکەنە ئەولەویەتی کارەکانیان
لە کۆتاییشدا راپۆرتەکە بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.
-    بۆ بینینی وێنەی مەراسیمەکە، کلیک لەم لینکە بکە:
https://www.keodd.org/photo/119607

زیاتر بخوێنەوە