/   هەواڵ

د. موسەنا ئەمین: بەدواداچوون بۆ كاری پەرلەمانتاران ئەركە لەسەر خەڵك و میدیاو رێكخراوەكان

2019-03-05

بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) لەدرێژەی سەردانەكانیدا بۆ لای فراكسیۆنەكانی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق/ پارێزگای سلێمانی)، ئەمڕۆ (سێ شەممە) بەرواری (5/3/2019)، سەردانی بەڕێز (د. مسەنا ئەمین) سەرۆكی فراكسیۆنی (یەكگرتووی ئیسلامی) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد. 
لە میانی كۆبوونەوەیەكدا (ئارام كەمال) بەڕێوبەری پڕۆژە لە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) تیشكی خستە سەر چالاكییەكانی پڕۆژەو چۆنیەتی هاوكاریكردن‌و بەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق/ پارێزگای سلێمانی لەپڕۆژەكەدا.
پاشان بەڕێز (د. موسەنا ئەمین) پڕۆژەكەی بەگرنگ وەسف كردو هیوای خواست ئەم جۆرە كارانە بەردەوامیان هەبێت، بە تایبەت رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، ناوبراو لە میانی كۆبوونەوەكەدا جەختی لەسەر گرنگی رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كردەوەو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە پێویستە رێكخراوەكان هەمیشە رۆڵ‌و قسەی تایبەتی خۆیان هەبێت لەسەر پرسەكانی تایبەت بەكۆمەڵگە.
(د. موسەنا ئەمین) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پێگەی ئەلیكترۆنی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) وتی "بێگومان بەدواداچوونی راگەیاندن‌و رێكخراوەكان‌و جەماوەر بۆ كاری پەرلەمانتاران ئەركە لەسەر خەڵك ومیدیاو رێكخراوەكان، بۆئەوەی دەنگدەران بزانن نوێنەرەكانیان چی دەكەن‌و گەیشتوونەتە كوێ‌و چیان بۆكردوون؟  هەروەها پەرلەمانتارانیش فیدباك لە هاووڵاتیان وەربگرنەوەو بزانن راو سەرنجی هاووڵاتیان چییە؟"
لە كۆتاییدا سەرۆكی فراكسیۆنی (یەكگرتووی ئیسلامی) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: "ئەمجۆرە كارانە خزمەت بە هاووڵاتیان پەرلەمانتاران‌و كۆمەڵگە بەگشتی دەكەن، وەك وەك فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەستخۆشی لەم جۆرە كارانە دەكەین ئامادەی هەمووهاوكاری‌و هەماهەنگییەكین".
لەكۆتایشدا بەڕێوبەری پڕۆژە سوپاس‌و دەستخۆشی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ی ئاڕاستەی بەرێز (د. موسەنا ئەمین) كرد لەبەرامبەر وەڵامدانەوەی ئەرێنیان بۆ پڕۆژەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی). 
شایانی باسە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) لەمساڵدا بەشێك لەپڕۆژەكانی تەرخانكردووە بۆ كاركردن لە گەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق/ پارێزگای سلێمانی كە لەلایەن رێكخراوی (NED )ی ئەمریكییەوە پاڵپشتی دەكرێت. 

زیاتر بخوێنەوە