/   هەواڵ

بەشێك له فراكسیۆنە كوردیەكان لەبەغداد: لابردنی پاشەكەوتی مووچە هەوڵی ئێمەی پەرلەمانتاران بوو

2019-03-08

پاش ئەوەی ئەمڕۆ (8/3/2019) حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی راگەیاند، بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بەهەوڵی خۆیان دەزانن‌و  ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەوە هەوڵی نوێنەرانی كوردە لەبەغداد .
شیروان میرزا: لابردنی بڕیاری پاشەکەوتی مووچە، بەرهەمی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق بوو

لەو بارەیەوە (شیروان میرزا) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی (یەكێتی) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی (بەرهەمی یەکەم هەوڵ و سەرەتایەکی نوێ بەرەو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان
بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ لابردنی بڕیاری پاشەکەوتی مووچە، بەرهەمی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق بوو، کە بۆ چەسپاندنی مافی فەرمانبەران و پێشمەرگەی کوردستان هەوڵی زۆرماندا.، ئێستاش پێویست دەبێت لەسەر حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان پلانی تایبەت بۆ پێدانەوەی قەرزی مووچەخۆران دابنێت..) 

د. غالب محەمەد: ئەندام پەرلەمانەکوردەکان ئەرکی سەرشانیانە لەبەر ژەوەندی خەڵک کار بکەن

لەهەمانكاتدا (د. غالب محەمەد) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی (گۆڕان) نووسیویەتی : 
لادانی پاشەکەوت دەست کەوت نیە بۆهیچ لایەنێک بەڵکو عەیبەیەک بو بەسەر هەرێمی کوردستانەوە!
شانازی نیە لابردنی پاشەکەوت چونکە ئەوەحەقی فەرمانبەرانە بۆیان گەڕاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بزانین حکومەتی هەرێم هیچ کارێکی نەکردوە بۆلابردنی پاشەکەوت!
ئەوەی کەهەیە حکومەتی عێراق و ئەندام پەرلەمانە عەرەبەکان کردویانە کە مانگانە 522 ملیار دینار دێت بۆهەرێم، باسی ئەندام پەرلەمانەکوردەکان ناکەم چونکەئەرکی سەرشانیانە لەبەر ژەوەندی خەڵک کار بکەن.

د. رێبوار كەریم: فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمان لەم بابەتەدا رۆڵی گەورەیان هەبوو

لە هەمانكاتدا  (د. رێبوار كەریم) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بابەتێكی نووسیوە بەناوی (کۆتایی ستەمێك..) ناوبراو دەڵێت :( سەرەڕای ئەوەی پاشەکەوتی موچە ستەمێکی گەورە بوو لەفەرمانبەران بەتایبەتی و خەڵك و بازاڕی کار بەگشتی. بەڵام هەڵگرتنی واجبێکی سەرەکی بوو لەئەستۆی ئەوانەی سەپاندیان. 
لابردنی پاشەکەوتی موچە فەزڵ نیە بەسەر فەرمانبەرانەوە، بەڵکو رێککردنەوەی کارێکی هەڵەو لابردنی ستەمە کە بە زۆر سەپێنراوە.)
هەروەها لەكۆتاییدا ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: (فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لیژنەی دارایی پەرلەمان لەم بابەتەدا رۆڵی گەورەیان هەبوو. بەتایبەت کە هیچ ناکۆکیەک لەسەر موچەی فەرمانبەران نەبوو. هاودەنگ بوین لەسەر لابردنی پاشەکەوتی موچەو گەڕانەوەی موچەی پاشەکەوتکراو.)

زیاتر بخوێنەوە