/   هەواڵ

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش: هیوادارین بەردەوامبن لەخزمەتكردنی خەڵك‌و پاراستنی ئارامیی

2019-03-13

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەستخۆشی لەهێزەكانی پۆلیس و ئاسایش دەكات،
 پاش ئەوەی دوێنێ شەو (12/3/2019) بەهەوڵی هێزەكانی ئاسایش‌و پۆلیس و دژە تیرۆر، توانرا شكست بەهەوڵێكی نەزۆكی باندێكی دزیكردن بهێنريت، دواتریش شەپۆلێك لە دەستخۆشی و پێزانین لەلایەن دامودەزگا حكومیەكان و هاووڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا، بە هەمان شێوەش ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا هەوڵی هێزەكانی ناوخۆی بەرزنرخاند،
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:
بەناوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە، دەستخۆشی لەهێزەكانی دژە تیرۆر‌و ئاسایش‌و پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای سلێمانی دەكەین، كە بەهەوڵ‌و ماندووبوونێكی بێوێنە، توانییان لەئۆپەراسیۆنێكی مەردانەدا، مافەكانی موچەخۆرانی نەخۆشخانەی شار بگەڕێننەوە. 
دوای ئەوەی باندێكی دزیكرن هەستان بەدزینی موچەی مانگانەی نەخۆشخانەی شار، هێزە ئەمنییەكان راستەوخۆ دەستیان بەلێكۆڵینەوەی ورد‌و چڕ‌وپڕ كرد‌و بەزووترین كات گەیشتنە سەرەداوی رووداوەكە‌و لەماوەی كەمتر لە 15 كاتژمێردا، تۆمەتبارانیان دەستگیر كرد‌و پارە دزراوەكەشیان گەڕاندەوە بۆ نەخۆشخانەی شار.
ئەو ئۆپەراسیۆنە نەبەردانەیە، نیشانەی ئازایەتی‌و لەخۆبووردەیی‌و خەمخۆریی‌و شەونخونیی هێزە ئەمنییەكان پیشان دەدات بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانی سەرشانیان، كە هەمیشە لەخەمی ئارامیی شار‌و هاوڵاتیاندان، بۆیە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەستی ماندووبوونیان دەگوشین‌و هیوادارین بەردەوامبن لەخزمەتكردنی خەڵك‌و پاراستنی ئارامیی سەرجەم ناوچەكان.
ئازاد محەمەد ئەمین
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

زیاتر بخوێنەوە