/   هەواڵ

نۆیەم بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) پێشكەشكرا

2019-04-07

بەرزان حامد: تاوان بنەبڕ ناكرێت

لە درێژەی زنجیرە بەرنامەكانی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) ئەمڕۆ (یەكشەممە) بەرواری (7/4/2019) نۆیەم بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی) پێشكەشكرا بەمیوانداری بەڕێز(بەرزان حامد) سەرۆكی لیژنەی (ناوخۆو ئاسایش) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی .

ئەگەر چی بڕیاربوو لەبەشی دووەمی بەرنامەكەدا بەڕێز (د. میران محەمەد عەباس) ئەندامی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)‌و .ئەندامی لیژنەی (تەندروستی‌و ژینگە) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەبێت،بۆ گفتوگركردن لەسەر ئەركی لیژنەكەیان‌و ئەوان وەك نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە بەغداد چی بۆ كەرتی تەندروستی سلێمانی دەكەن.... بەڵام ناوبراو ئامادەی بەرنامەكە نەبوو، ئەگەرچی پێشوەخت (د. میران محەمەد) جەختی كردبوویەوە كە ئامادە دەبێت، بەڵام بەداخەوە ئامادەنەبوو .

لە بەرنامەی نۆیەمدا  گفتوگۆ لەگەڵ  (بەرزان حامد ) سەرۆكی لیژنەی (ناوخۆو ئاسایش) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرا .

 لەمیانی بەرنامەكەدا تاوتوێی چەند پرسێك كرا، لەوانەش كارەكانی لیژنەی (ناوخۆو ئاسایش)، پەیوەندی لیژنەی ناوبراو لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیەكانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و مووچەی هێزەكانی ناوخۆ، بڕیاری قەدەغەكردنی كاری تەكسی بۆ كارمەندانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ .

بەرزان حامد: بریاری قەدەغەكردنی كاری تەكسی بۆ كارمەندان بۆ رێكخستنی كاروباری فەرمانبەرانە.

لەسەرەتادا (بەرزان حامد) باسی لە ئەركەكانی لیژنەكەیان كرد‌و هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە لیژنەكەیان بەدواداچوونی بۆ كێشەكانی هێزەكانی ناوخۆو كردووە لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا‌و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی هەریەكە لە بەڕێوبەرایەتیەكانی (پۆلیس، ئاسایش، پاسپۆرت، رەگەزنامە، نشینگە، هاتووچۆ) كردووە بۆ ئەوەی بەهەوڵی هەموولایەك ئاسایش‌و سەرو ماڵی هاووڵاتیان بپارێزین‌و باشترین خزمەت لەرووی ئەمنییەوە پێشكەش بە هاووڵاتیان بكرێت .

هەروەها سەبارەت بە بڕیاری قەدەغەكردنی كاری تەكسی بۆ كارمەندانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ، (بەرزان حامد) رایگەیاند: "ئەوە بڕیارێكە بۆ رێكخستنی كاروباری فەرمانبەرانە، وەزارەتی ناوخۆو خۆی دیراسەی سەرجەم لایەنەكانی بڕیارەكە كردووەو، ئنجا گەیشتۆتە ئەو بڕیارە "

"بڕیارەكە جێبەجێدەكرێت‌و بواری هەڵوەشاندنەوەی نەماوە" (بەرزان حامد) وایگوت .

سەبارەت بەهاووتاكردنی مووچەی فەرمانبەرە (مەدەنیەكان)ی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ مووچەی (سەربازی)یەكان، سەرۆكی لیژنەی (ناوخۆو ئاسایش) وتی: "پێشتر لەرێی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە، بەدواداچوونمان بۆ سكاڵاو داواكاری ئەو فەرمانبەرانە كردووە‌و لەداهاتووشدا بەردەوام دەبن تاوەڵامی كۆتایی وەردەگرین ".

تەوەرێكی دیكەی بەرنامەكە تایبەت بوو بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو كێشانەی كە لەماوەی رابردوودا لە سلێمانی روویانداوەك (هەوڵی دزینی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار) هەروەها دەستگیركردنی ئەگروپە (5) كەسیەی كە ئەمڕۆ لەلایەن هێزەكانی ئایاسیشی پارێزگای سلێمانییەوە ئاشكراكران .

ناوبراو وتی: روودانی تاوان شتێكە هەر روودەدەن، ناتوانین بڵێین هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش دەتوانن بنەبڕی تاوان بكەن، ئەوشتێكە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا روودەدەن، بەڵام ئەوەی گرنگە هێزەكانی ناوخۆو دڵسۆزانە كارەكانیان ئەنجام دەدەن، بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان تاوانباران بدۆزنەوە، بۆیە ئێمە داواكارین پەیوەندی و هەماهەنگی تەواو لەنێوان ئەنجومەن‌و هێزەكانی ناوخۆدا هەبیت .

شیاوی باسە هەر لەبەرنامەكەدا چەند هاووڵاتیەك پەیوەنیدییان بە بەرنامەكەو كردو چەند داواكاری‌و گرفتێكیان خستەڕوو، بەڕێز (بەرزان حامد) سەرۆكی (لیژنەی ناوخۆو ئاسایش)  بەڵێنی ئەوەیدا بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵاو كێشانەو بكەن .

بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی‌و نوێنەرانی)، بەرنامەیەكی هەفتانەی تایبەتە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بەهاوكاری (رێكخراوی NED )ئەمریكی لەرادیۆی (نەوا)وە رۆژانی (یەكشەممە) كاتژمێر (2:00) بۆ (3:00)ی پاشنێوەڕوان بەمیوانداری نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)‌و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێشكەشدەكرێت .


زیاتر بخوێنەوە