ئێمە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ھەمو مۆدێل و ئەزمونی سیاسی تەقلیدی و زاڵ و باو دەستمان برد بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ. بەو ئومێدەوە ھاتین، کە نەوەی نوێ بکەین بە ئامرازی ھەستانەوەی گەلەکەمان لە شکست: کە ئەزمونێكی سیاسی جیاوازی ئەوتۆ پێشکەشی گەلەکەمان بکەین، ببێتە جێگەی شانازیی و نمونەی چاولێکردن. بەڵام، ئێمە نیگەرانین، کە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەکە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵ کراوە، ئیتر جیاکردنەوەیان سەخت بێت.
بۆیە، لێرەوە ئێمە ئۆرگانە سەرەکیە ھەڵبژێردراوەکانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رایگشتی و گەلەکەمان رایدەگەیەنین کە دیدەگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ کردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند. ئیتر رێگە نادەین نەوەی نوێ لە بێدەنگیدا بکرێتە بازنەیەکیتری شکستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی. بۆ راستکردنەوەی سیاسەت لە زۆنگاوی ئێستا و میللەتەکەمان لە شکست، بۆ کۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و حوکمی بنەماڵە کە لە ٢٨ ساڵی رابردودا بونەتە مایەی شکست و کارەسات بۆ گەلەکەمان، وەك ھەمیشە بێسڵەمینەوە و شێلگیرانە، بەردەوام دەبین.
- ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ
- فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢١ ی نیسانی ٢٠١٩