رەمەزان نامق: پارێزگای سلێمانی دڵسۆزێكی نییە بەدەم كێشەو گرفتەكانی هاووڵاتیانەوە بێت
لە درێژەی زنجیرە بەرنامەكانی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی) ئەمڕۆ (یەكشەممە) بەرواری (28/4/2019) یانزیەم و كۆتا بەرنامەی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی) پێشكەشكرا بەمیوانداری هەریەكە لە بەڕێز(حەسەن ئاڵی ئەحمەد) ئەندامی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) و سەرۆكی لیژنەی (هەرێمەكانو پارێزگاكانی رێكنەخراو لە هەرێمێكدا) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها بەڕێز (رەمەزان نامق) سەرۆكی لیژنەی (پلاو پرۆژەكان) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
حەسەن ئاڵی ئەحمەد: تەعریبكردنی كەركوك بەردەوامە
بەشی یەكەمی بەرنامەكە تایبەت بوو گفتوگۆكردن لەگەڵ بەڕێز(حەسەن ئاڵی ئەحمەد) ئەندامی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) و سەرۆكی لیژنەی (هەرێمەكانو پارێزگاكانی رێكنەخراو لە هەرێمێكدا) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لەم بەشەدا ئەركو دەسەڵاتەكانی لیژنەی (هەرێمەكانو پارێزگاكانی رێكنەخراو لە هەرێمێكدا) خرانە روو كە پەیڕەوەی ناوخۆی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) بۆ ئەم لیژنەیەی دیاری كردوون.
هەروەها لە تەوەرێكی دیكەی بەرنامەكەدا ، سەرۆكی لیژنەی (هەرێمەكانو پارێزگاكانی رێكنەخراو لە هەرێمێكدا) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد ئەم لیژنەیە گرنگی تایبەت بەخۆی هەیە چ بۆ عێراقو چ بۆهەرێمی كوردستانیش، بەتایبەتی تر لیژنەكە بۆ ئەوناوچانەش گرنگە كە بەناوچەی (جێناكۆك) ناسراون.
هەروەها (حەسەن ئاڵی) تیشكی خستە سەر گرنگیدانی لیژنەكەیان بە كاروباری هەرێمەكانو پارێزگاكانو پەیوەندییان بەحكومەتی ناوەندەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە درێژەی بەرنامەكەدا وتی: "لیژنەكەمان دەتوانێت لە تەواوی پارێزگاكان بكۆڵیتەوەو هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان رێكبخات، ئەمە جگە لەوەی كە دەتوانین بەدواداچوون بۆ داهاتی پارێزگاكانو له چۆنیەتی خەرجكردنیان لێكۆڵینەوەیان لە گەڵدا بكەین."
لەكۆتاییشدا سەرۆكی لیژنەی (هەرێمەكانو پارێزگاكانی رێكنەخراو لە هەرێمێكدا) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تیشكی خستە سەر ئەو هەوڵانەی كە لەرێگەی لیژنەكەیانەوە دراوە بۆ ئاسیی كردنەوەی بارودۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانو هەرورەها ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، ئەم كێشەیە رەگێكی میژووی هەیەو پێویستە بەوردی كاربۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ئەوناوچانە بكرێت.
"ئێستاش تەعریبكردنی كەركوك هەر بەردەوامە" (حەسەن ئاڵی) وایگوت.
رەمەزان نامق: شەرمە بۆ حكومەت كەئەوە حاڵی رێگاوبانەكانی بێت
لە بەشی دووەمی بەرنامەكەدا گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز (رەمەزان نامق) سەرۆكی لیژنەی (پلاو پرۆژەكان) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كرا.
لەمیانی بەرنامەكەدا تاوتوێی چەند پرسێك كرا، لەوانەش كارەكانی لیژنەی پلانو پڕۆژەكان، گرفتو رێگریەكانی بەردەم لیژنەكە، سستی لە جێبەجێكردنو تەواوكردنی پڕۆژەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
لە سەرەتادا (رەمەزان نامق) باسی لە ئەركەكانی لیژنەكەیان كردو باسی لەو هەوڵانەش كرد كە لەماوەی رابردوودا لەلایەن لیژنەكەیانەوە دراون .
تەوەرێكی دیكەی بەرنامەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر خراپی شەقامو رێگاوبانەكانی پارێزگای سلێمانی، لەم بارەیەوە، سەرۆكی لیژنەی پلانو پڕۆژەكان وتی: بەڕاستی شەرمە بۆ حكومەت كەئەوە حاڵی رێگاوبانەكانی بێت".. هەروەها وتی ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەموو هەوڵێكی خۆمان لەمبارەوەداوە بەڵام ئەوە حكومەتە كەمتەرخەمەو باكی بە خراپی رێگاوبانەكان نییە.
"پارێزگای سلێمانی دڵسۆزێكی نییە بەدەم كێشەو گرفتەكانی هاووڵاتیانەوە بێت" ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وایگوت.
پاشان نموونەی رێگای سلێمانی دەربەندیخانی باس كرد كە لە پێش قەیرانی داراییەوە تائێستا ئیشی لەسەر دەكرێت، بەڵام تەواو نەبووە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لە ناچاریدا كە حكومەت وەڵاممان ناداتەوە، پەنامان بردووەتە بەر كونسوڵخانەی ئێران، لەبەر ئەوەی كۆمپانیایەكی ئێرانی تەواوكردنی رێگاكەی لەئەستۆدایە.
هەر لەمیانی بەرنامەكەدا چەند هاوڵاتیەكە پەیوەندییان بە بەرنامەكەوە كردو وێڕای خستەڕوو ناڕەزاییەكانیان وگلەییان لەسەر خراپی رێگاو بانەكانی سلێمانی هەروەها چەند گرفتێكیشیان خستەڕوو بەو ئومێدەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونیان بۆ بكات.
بەرنامەی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی)، بەرنامەیەكی تایبەتە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بەهاوكاری (رێكخراوی NED )ئەمریكی لەرادیۆی (نەوا)وە رۆژانی (یەكشەممە) كاتژمێر (2:00) بۆ (3:00)ی پاشنێوەڕوان بەمیوانداری نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) لە ماوەی رابردوودا پێشكەشكران.
لە كۆتاییدا بە ناوی رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان)ەوە زۆر سوپاسی ئەو نوێنەرانەی پارێزگای سلێمانی دەكەین لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) كە بەشداری بەرنامەكانیان كرد، هەروەها سوپاس بۆ ئەو هاووڵاتیانەشی بەشداربوون لە دەوڵەمەندكردنی بەرنامەكاندا، بەو ئومێدەی بتوانین لە ساڵی داهاتووشدا وەرزێكی نوێی بەرنامەكە پێشكەش بكەین.