/   هەواڵ
رونکردنەوەیەک بۆ جەماوەری خەڵکی کوردستان لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە
2019-05-11
پاش ئەوەی لەماوەی رابردوودا بابەتی ناردن و نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن چەند ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوكرایەوە، ئەمەش گومانی لای مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان دروستكرد، هەروەها لەم چەند رۆژەی رابردووشدا وەزیری نەوتی عێراق له لێدوانێكیدا ئەوەی لێخوێنراوەتەوە کە ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت ئەوا بغدادیش پابەند نابیت بە ناردنی پشکی هەرێمەوە... بۆ ئەم مەبەستە نوێنەرانی كورد لە لیژنەی داریی ئەنجومەنی نوێ،ەرانی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە) بەرواری (11/5/2019) رونكردنەوەیەكیان بڵاو كردەوەو تیایدا دڵنیایی دەدەنەوه مووچە خۆرانی هەرێم بەوەی لەمساڵدا بەهیچ شێوەیەك هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لەدەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نیە بە وەزیری نەوتیشەوە...
ئەمەی لایخوارەوەش دەقی روونكردنەوەكەیە:
دوای هەوڵ و ماندوبونی بێوچانی ئەندامەکوردەکانی لێژنەی دارایی پشکی هەرێمی کوردستان چەسپێنراوە لە یاسای بودجەی ساڵی ۲٠۱۹دا ، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە موچەی فەرمانبەران جیاکرایەوە لە پابەندبوونی هەرێم بە رادەست کردنی نەوەتەوە بەکۆمپانیای سۆمۆ ، ئەوەش گرنتی ئەوەی زامن کردوە کە هیچ کەسێک نەتوانیت ئەویاسایەی کە پشکی هەرێمی کوردستانی تیدا جێگیر کراوە و موچەی فەرمانبەرانی تیدا چەسپاوە هەڵوەشێنێتەوە .
بۆیە هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە بەوەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لەدەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نیە بە وەزیری نەوتیشەوە کەلەم ڕۆژانەدا لێداوانی داوەو ئەوەی لێخوێنراوەتەوە کە ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت ئەوا بغدادیش پابەند نابیت بە ناردنی پشکی هەرێمەوە ،ئەگەر ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت راست بێت بۆ پشکی هەرێم یا بۆ ئەو رێژەی زیانەی بەرامبەر ۲٥٠ هەزار بەرمیلەکە دەبڕدرێت ئەوا بەهیچ شیوەیەک ڕاست نییە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، بەهەموان ڕادەگەیەنین دڵنیاتان دەکەینەوەکە نوێنەرەکاتان لەلێژنەی دارایی مکوڕن لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم .
ئێمە کە داکۆکیکاری موچەی فەرمانبەرانین بەهیچ جۆرێک داکۆکی لە ناشەفافیەتی مەلەفی نەوتی هەرێم ناکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو مەلەفە بە یەکجاری چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر نەبێتە مایەی کێشە و گرفت بۆ هاونیشتیمانیانی هەرێم .
سەرکەوتووبن.
هۆشیار عەبدوڵا
د جمال کوچەر
شیروان میرزا قادر
احمدی حاجی رەشید
۱۱ ی ئایاری ۲٠۱۹