/   هەواڵ

فراکسیۆنی نەوەی نوێ: کێشەی تەعریبکردن و ئاسایش و ئیستیقراری ناوچە کێشە لەسەرەکان ، بەرھەمی ئایدیۆلۆجیای توندڕەوی نەتەوەیی تەقلیدییە

2019-05-19

سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی كەركوك ‌وناوچە كێشە لەسەرەكانی سنوی ماددەی (140)، كە تیایدا هێرشكراوەتە سەر موڵكو ماڵی كوردەكانی نیشتەجێی ئەو ناوچانەو زیانێكی زۆریش لە بەرهەمی جوتیارە كوردەكان دراوە، لە مبارەیەوە (فراكسیۆنی نەوەی نوی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) راگەیەندراوێكی بلاًو كردەوە، كە ئەمە دەقەكەیەتی: 

بەیانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە کێشەکانی ئەمدواییانەی کەرکوك و خانەقین و مەخمور

بۆ رایگشتی عێراقی و کوردستانی

دوای ١٦ ساڵ لە کەوتنی رژێمەکەی صەدام حسێن و پەسەندکردنی دەستور و چوار ھەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ھێشتا چارەسەری قەیرانی ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان نەکراوە کە لە مادەی ١٤٠ لە دەستوری عێراقیدا بنەما و رێکارەکانی چارەسەری ئەو کێشەیە خراوەتە ڕو. جێگەی داخە، لە بری دۆزینەی ئامرازی کاریگەر بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، ئەم رۆژانە لە پارێزگای کەرکوك و بەشێك لە ناوچەکانیتر، جارێکیتر جوتیارانی کورد کەوتونەتە بەر شاڵاوی ھەڕەشەی تەعریب و ھەروەھا لە خانەقین و پارێزگای کەرکوك تا دەگات بە مەخمور و دەشتی نەینەوا، ژیان و ماڵ و موڵکی دانیشتوانی ناوچەکە، لەژێر ھەڕەشەی ئیرھابی داعش و لەناوچون دایە .

کێشەی تەعریبکردن و ئاسایش و ئیستیقراری ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەتی پارێزگای کەرکوك، بەرھەمی ئایدیۆلۆجیای توندڕەوی نەتەوەیی تەقلیدییە کە ھۆکاری سەرەکی ھەمو ئەو جەنگ و کارەسات و مەینەتیانەیە کە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردو بەسەر گەلانی ناوچەکە ھاتوە. بۆیە، بۆ چارەسەری کیشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و گرفتە ھەڵواسراوەکانیتر لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان، پێویستە، لە سەرتاسەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، کۆتایی بە ئایدیۆلۆجیای توندڕەوی نەتەوەیی و نەژادی و کاریگەرییەکانی بھێنین و تەنانەت بە یاسا قەدەغە بکرێت .

ئێمە داوا دەکەین، دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتیحادی لێپێچینەوە لە ھەمو ئەوانە بکەن کە یاسا پێشێل دەکەن و پەلاماری جوتیارانی کورد دەدەن لەو ناوچانە. ھەروەھا، بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشەیە، بانگەوازی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بە جدی وەربگرێت و تا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ لە دەستوری عێراقی، لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و حیمایەی نێودەوڵەتی، ھێزی ھاوبەشی حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێمی کوردستان، پێکەوە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ھەمو ناوچە کێشە لەسەرەکان بگرنە ئەستۆ .

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

١٨ ی ئایاری ٢٠١٩


زیاتر بخوێنەوە