/   هەواڵ

حەسەن ئاڵی: بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان زۆر جێگەی مەترسییە

2019-05-19

پاش ئەو پشێوی نائارامییەی  له‌ چەند رۆژی رابردوودا له‌ سنوری كەركوك‌و خانه‌قین و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری روویدا، تادێت بارودۆخەكە خراپ تر دەبێت‌و هاووڵاتیانی كوردی ئەو ناوچانە رووبەرووی مەترسی گەورەتر دەبنەوە ئەمە جگەلە سوتاندنی دەغڵو دانی جوتیارانی كورد
لەمبارەیەوە بەڕێز (حەسەن ئاڵی ئەحمەد) ئەندامی لیژنەی  (هەرێمەكان‌و پارێزگاكان) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پێگەی ئەلیكترۆنی (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) وتی: "بێگومان جێبەجێنەكردنی ماددەی (140) ئەم دەرەنجامەی لێدەكەوێتەوە، زۆر بەداخەوەین بۆ ئەم رووداوانەو هیوادارین هەرچی زووترە كۆتاییان بێبێت."

سەبارەت بە هەڵوێستی نوێنەرانی كورد لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لەسەر بارودۆخەكە، ناوبراو وتی: "دوێنێ لە ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆیەكی زۆرمان لەو بارەیەوە كردووە، لە ئەنجامدا بەداخەوە گرژی لێدروست بوو، هەروەها یاداشتێكمان نووسیوە.  ئێمە وەك نوینەرانی كورد پێمانوایە ئەم كێشەیە بەشەڕِ چارەسەر ناكرێت‌و پێویستە بۆچارەسەر بگەڕێینەوە بۆ ماددەی (140) بەڵام تائێستا  بڕگەكانی ماددەكە وەك پێویست جێبەجێنەكراون، كەركوك بەتاكلایەنە بەڕێوە نابرێت پێویستە بە هەموولایەنەكان بەشداربن لەبەڕێوەبردنیدا‌و مافی هەموو نەتەوەكان پارێزراوبێت.." هەروەها وتی: " بەڕاستی بارودۆخەكە زۆر جێگەی مەترسییە‌و ئەگەر حكومەتی عێراق چارەسەری كێشەكە نەكات ئەو گرژی زیاتری لێدەكەوێتەوەو ئەگەر هەیە خۆپیشاندانی گەورەی لێبكەوێتەوە چونكە رۆژانە مافی ئەو جوتیارانە پێشێلدەكرێت."
سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەتی عێراقیش(حەسەن ئاڵی) وتی" "حكومەتی عێراق هەوڵئەدات بارودۆخەكە ئاسایی بێتەوە، بەڵام ئێمە وەك نوێنەرانی كورد تەنها جێبەجێكردنی ماددەی (140) بە چارەسەر دەزانین"
شایانی باسە درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ئاگر لە دەغوڵدانی هاوڵاتیانی کوردی چەند گوندێکی سنوری کەرکوک بەردراوە و بەو هۆیەوە سەرجەمی سوتاوە دەغڵودانی گوندی مەنسور لە حەفتەغار و باشوری داقوق  سوتێنراوە و هاوکات دەغڵودانی گوندی قەرە دەرە لە سنوری قەزای دوبز سوتێنراوە‌و هەروەها ئاگر لە  زەوییە کشتوکاڵییەکانی چەند گوندێکی تریش بەردراوە.

زیاتر بخوێنەوە