/   هەواڵ

غالب محەمەد عەلی: لەسەر مووچەی فەرمانبەران، سکاڵا لە سەر حكومەتی هەرێم تۆماردەكات

2019-05-23

دوای جەژنيش سكاڵاكەیان دەبەنە دادگای فیدراڵی و هەوڵی وەرگرتنەوەی مافی موچەخۆرانی هەرێم  دەدەن .

بە تۆمەتی دابەشنەكردنی  موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان، (غالب محەمەد عەلی) لە داواکاری گشتی عێراق سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکرد .

غالب محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی (گۆڕان) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا‌و لە كۆنگرەكەدا رایگەیاند  لەسەر دوو پرس لە داواکاری گشتی عێراق سکاڵاى لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە، كە بریتیتن لە دابەشنەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە كاتێكدا بەغدا چوار موچەی ناردووە، بەڵام هەرێم تەنها دوو موچەی دابەشکردووە و پارەکەی دیکەی داوەتەوە بە قەرز کە ئەوەش کارێکی نایاساییە و دەبێت پارەکە بدرێتە فەرمانبەران .

سکاڵای دووەمیشیان لەسەر گواستنەوەی کەسێکە بە ناوی (ئەبوبەکر حامد عەبدوڵا) لە داواکاری گشتی هەولێرەوە بۆ قەزای خەبات کە ناوبراو داوای مافی خەڵکی لە حکومەتی هەرێم کردبوو .

غالب محەمەد جەختی لەوەشکردووە، ئەگەر داواکاری گشتی کار لەسەر دوو سکاڵاکەی نەکات، ئەوا لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆماردەکاتەوە .

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی بەغدا موچەی چوار مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها موچەی دوو مانگ بەبێ پاشەکەوت دابەشکراوە و حکومەتی هەرێم لەو پارەیە قەرزی کۆمپانیاکانی پێداوەتەوە .



زیاتر بخوێنەوە