/   هەواڵ
رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دیاریكرا
2019-06-17
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكرد.
ئەمڕۆ (دووشەممە) بەرواری (17/6/2019) كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی (20/4/2020)ی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكرد.
(رزگار حەمە) جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە سایتی (دوارۆژ)ی راگەیاندووە: كۆمسیۆن وەڵامی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی داوەتەوە بەوەی كە ئامادەن لە (20/4/2020)دا هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدەن بەو مەرجەی تاكو (1/7/2019) یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموار بكرێتەوە.
بەڵام لەهەرێمی كوردستان تاكو ئێستا چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیار نییەو ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمیش لەكارەكانی خۆیان بەردەوامن بەڵام، ناتوانن بڕیارو راسپاردە دەربكەن.
شایانی باسە لە (26/3/2018)دا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراوێكی فەرمی بەژمارە (264) ئاڕاستەی هەردوو سەرۆكایەتی پەرلەمانو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كرد، بۆ دیاریكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام تاكاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە هێشتا هەرێم هەڵوێستێكی فەرمی بۆ رایگشتی بڵاو نەكردۆتەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.