/   هەواڵ
ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوە
2019-07-02
ئەمڕۆ (سێشەممە) بەرواری (2/7/2019) سەرۆكی ئەنجومەنەكانی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری ئەو بۆشاییە یاساییانە دەكەن، كە بەهۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەوە بۆیان دروستبووە.
هەرسێ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی یاسایی و لیژنەی ناوخۆیی ئەنجومەنە خۆجێییەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوە و پاش كۆبونەوەكەش
(ئازاد حەمەدئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا وتی "ئەمڕۆ رێككەوتین لەسەرئەوەی پەرلەمانی كوردستان دوای ئەوەی كۆبونەوەیەك ئەنجام دەدات لەگەڵ فراكسیۆنەكان، لەوێ بڕیاردەدەن چارەسەرێك بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە بۆئەوەی بۆشایی یاسایی دروست نەبێت".
دواتریش (عەلی رەشید) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر وتی "بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو بۆشاییە یاساییەی ئەنجومەنەكان هەیانە، سەردانی پەرلەمانیان كردوە، چونكە ناتوانین كارەكانی هاووڵاتیان جێبەجێبكەین لەبەرئەوەی بۆشایی یاساییمان هەیە".
وتیشی "چەند پێشنیارێكمان پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كردوە و داوامان كردوە ئەو سەرئێشەیەمان بۆ چارەسەر بكرێت".
پاشان (عەبدولسەلام دۆڵمەڕی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وتی "كۆبونەوەی ئەمڕۆمان بەمەبەستی دۆزینەوەی دەرچەیەكی یاسایی بوە بۆ ئەنجومەنەكان بۆ بەردەوامبونیان لەكارەكانیان، بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمان لە ماوەیەكی نزیكدا كۆدەبێتەوە و هەوڵدەدەین كۆبونەوەكەش پێش پشووی پەرلەمان بێت".