/   هەواڵ

ياداشتێک لە (ڕێكخراوى كوردستان بۆ هەموان) ەوە بۆ ڕاىگشتى

2019-07-07

دواى ئەوەى پەڕلەمانى كوردستان لە دانيشتنى ئاسايى ژمارە( ١٠ )ى خولى پێنجەم لە ڕێكەوتى ٦/ ٧/ ٢٠١٩ خوێندنەوەى يەكەمى بۆ هەمواركردنى ياساى پارێزگاكانى هەرێمى كوردستان ژمارە (٣) ى ساڵى ٢٠٠٩ كرد و بڕيار وايە لەدانيشتنى داهاتوو هەموارى دوو بابەت لەياساكە بخاتە دەنگدانەوە سەبارەت بە درێژكردنەوەى ماوەى كارى ئەنجومەنى پارێزگاكان و شياوبونى كانديدكردنى پارێزگار لەدەرەوەى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا ، لەم بارەيەوە ڕێكخراوى كوردستان بۆ هەموان وەك ڕێكخراوێكى كۆمەڵگەى مەدەنى وچاودێر لەسەر كاروبارى ئەنجومەنى پارێزگاكان وكارا لەبوارى ديموكراسى ولامەركەزيەتى كارگێڕى بەپێويستى دەزانين ڕاو سەرنجمان لەم بارەيەوە بە چەند خاڵێك بخەينە ڕوو

١ -چەسپاندنى درێژكردنەوەى كارى ئەنجومەنى پارێزگاكان بە ياسا  بەتايبەت بە دەستەواژەو دەقى واها كە تا هەڵبژاردنى داهاتوو لە كاركردن بەردەوام ببێت ، بە كارێكى نادروست ونەرێنى دادەنرێت لە پرۆسەى ديموكراسيدا چونكە متمانەى كارى ئەو ئەندامانە بە هەڵبژاردن ديارى كراوە كە تەنها بۆ چوارساڵى ساڵنامەيە كە لە مادەى ٦ بڕگەى ٣ دياريكراوە ،بۆيە ئەركى پەرلەمان وحكومەتى هەرێمى كوردستانە وادە بۆ هەڵبژاردنەكان ديارى بكات،نەك ئەوەى درێژكردنەوەى ماوە وسپاردنى بەكاتێكى ديارى نەكراو.چونكە لە ڕێكەوتى ٢٦/ /٦ ٢٠١٨ كاتي ياساييان بەسەر چووە و لەبەر ئەنجام نەدانى هەڵبژاردنيش تەنها ماوەى( ٩٠  ) رۆژ وەك كاربەڕێكەر كاتيان تێپەڕيوە و هەركارو بڕيارێكيشيان لەدواى ئەو بەروارەوە واتە لە ٢٦ /٦/ ٢٠١٨  هەربڕيارێكيان دەركردبێت پاڵپشتى ياسايى نيە.

٢ -لەتەواوى سيستمە پێشكەوتوە پەيڕەوكراوەكانى سيستمى لامەركەزيەتى نامەڵبەنديەتى كارگێڕيدا بەتايبەت لە سيستمى لاتينيدا ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا وپارێزگار لەڕێگەى هەڵبژاردن و متمانەى دەنگدەران ديارى دەكرێت ،تەنانەت  لە ئەلمانياى فيدراڵ هەڵبژاردنى پارێزگار بەجۆرێكە ئەو پاڵێوراوەى كە زۆرترين دەنگى بەدەست هيێنا لە كانديدەكانى ديكەدا دەبێتە پارێزگار ئەگەرچى فراكسێۆنەكەى ژمارەى كورسيەكەى لە ئەنجومەنەكە هەرچەندێك بێت.بۆيە ڕێگە دان بە وەى كە پارێزگا وەك جيێبەجێكارى كار وبڕيارى ئەنجومەنەكە كە دوانەيەكى پێكەوە بەستراون لە دەرەوەى ئەندامانى ئەنجومەن بێت وبە دامەزراندن لە لەلايەن دەسەڵاتى جيێبەجێكردنەوە دابمەزرێت هەنگاوێكە بە ئاراستەى گە ڕانەوە بۆ سيستمى مەركەزي.

٣ -ئێمە لە ڕێكخراوى( كوردستان بۆ هەموان ) لە ميانەى ئەزمونى چوارساڵەى چاودێرىكردنى كارى ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانی بۆمان دەركەوتوە كە چەندين بڕگەو مادەى ديكەى ناو ياساكە پێويستى بەهەمواركردنەوە هەيە ،بۆ ئەمەش پرۆژەمان ئامادەكردوە كە داواكارين بە هاوكارى لايەنى پەيوەنديدار بەو بابەتە لەگەڵ پەرلەمانى كوردستان كاربكەين بۆ هەمواركردنەوەى ياساكە،تا لەگەڵ ئەو ئامانج وفەلسەفەى ياسادانانە بگونجێت كە ياساكەى بۆ دەرچووە ،كەبريتيە لە چەسپاندنى پرسى لامەركەزيەت.

لەكۆتايدا جەخت لەوە دەكەينەوە كە پێويستە لە هەرێمى كوردستان سيستمى نامەڵبەنديێتى –لامەركەزى- ئيدارى پەيڕەوبكرێت بۆ ئەوەش  پێويستمان بەدەركردنى چەندين ياسا و هەمواركردنى ياساى وەزارەتەكان هەيە چونكە ياساى پارێزگاكان بەتەنها لە ژينگەيەك كە سيستمى مەركەزى تيايدا زاڵە،  ئامانجى خۆى بەدى ناهێنێت.

ڕێكخراوى( كوردستان بۆ هەموان بۆ پەرپێدانی دیموکراسی )

7/7/2019

زیاتر بخوێنەوە