/   هەواڵ

فراكسیۆنی گۆڕان: ئەنجومەنی وەزیران لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەرپرس نییە و دەسەڵاتی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی نییە

2019-07-13

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لادانی دڵشاد عومەر لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پەروردەی سلێمانی بە نایاسایی ناوبرد.
ئەمڕۆ (شەممە) بەرواری (13/7/2019) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ‌و سەرۆكی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: "بەگوێرەی یاساکان، دەبێت لادان و دانانی بەڕێوەبەرە گشتیەكان بە رێکاریی یاسایی بێت و لە ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە دەنگیان لەسەر بدرێت".
هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی راگەیاند كە: "نایاساییە ئەنجوومەنی وەزیران کەسێک لاببات و بە وەکالەت کەسێکی دیکە بخاتە شوێنی چونکە ئەو کارە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە".
" ئەنجومەنی وەزیران لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان بەرپرس نییە و دەسەڵاتی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگاكانی نییە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران سەرپێچی یاسای كردووە، ئەو بڕیارە زیادەڕۆیی كردنە لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان"، رێبوار ئەحمەد لە درێژەی قەسەكانیدا وای گوت.
دوا بەدوای كۆنفرانسەكەش (رێبوار ئەحمەد) سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (پێگەی ئەلكترۆنی رێكخراوی كوردستان بۆهەمووان) وتی: ئێمە وەك فراكسیۆنی گۆڕان بەئەركی خۆمانی دەزانین بەم كارە هەستین چونكە یەكەم پێشێلكردنی یاسای ژمارە (3)ەو دووەمیش رۆژی دووشەممە لەگەڵ فراكسیۆنەكان‌و ئەندامەكانی تری ئەنجومەن قسە دەكەین، دڵنیام فراكسیۆنەكانی تریش لەگەڵ ئەوەدان كە ئەمە بڕیارێكی نایاسیاییە ـ تەنانەت لە فراكسیۆنی یەكێتیش پێیان وایە كە ئەمە بڕیارێكی نایاساییە.
شیاوی باسە بە پێی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009) دانان و لادانی بەڕێوبەرە گشتییەكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگاكانن.

زیاتر بخوێنەوە