/   هەواڵ
سلێمانی: كێشەو گرفتەكانی پێوەری ئاو گفتوگۆیان لەسەر كرا
2019-07-22
ئەمڕۆ (دووشەممە) بەرواری (22/7/2019)، دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیو لیژنەی خزمەتگوزاریو شارەوانیەكانی ئەنجومەن بەمیوانداری بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و ژمارەیەك لەبەڕەێوەبەرەكانی ئاو كۆبۆوە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی پێوەری ئاو...
لە كۆبوونەوەكەدا كە نزیكەی پێنج كاتژمێری خایاند، كێشەو گرفتەكانی پێوەری ئاو گفتوگۆیان لەسەر كرا
لەدوای كۆبوونەوەكەش، ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا هەریەك لەبەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم و بەڕێوەبەرەكانی ئاو روونكردنەوەی پێویستیان لەسەر دانانی پێوەری ئاو خستەڕوو، هەروەها لیژنەی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكانیش لەئەنجومەنی پارێزگاو ئەندامانی ئەنجومەن، باسیان لەگیروگرفتەكانی دانانی پێوەرەكە كرد.
ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد: "كۆبوونەوەكە گەیشتە چەند راسپارەدەیەك، كە ئەو راسپاردانە ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت، بۆئەوەی كاری لەسەر بكەن".
لەلایەن خۆشییەوە، مەسعود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم رایگەیاند، دانانی پێوەری ئاو قۆناغێكی باشی بڕیوە هەندێك ئەنجامی باش بەدەستهاتووە، پشتیوانی ئەو خاڵانەش دەكەین كە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە خرایەڕوو و كاری لەسەر دەكەین.
دواتریش محمەد رەسول مراد، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:" لە كۆبوونەوەكەدا چەند خاڵێكمان خستەڕوو، دواتریش گفتوگۆیان لەسەر كراو بەخۆشحالچیەوە سەرجەمیان بڕیاردرا لایەنی پەیوەندیدار كاریان لەسەر بكات كە هەموویان لەبەرژەوەندی هاووڵاتیانە"، هەروەها ئەوەشی راگەیاند كە ئەو هاووڵاتیانەی كێشەی پێوەریان هەیە دەتوانن سەردانی بەڕێوبەرایەتیەكانی ئاو بكات.
ڕاسپاردەكان:
1-بەستنی پێوەری ئاو درێژكرایەوە تا 1ی 9ی 2019 و گرفتەكانی چارەسەر دەكرێت و پێوەرە تێكچووەكانیش بگۆڕدرێن.
2- لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەت هەوڵی زیادكردنی كاتی پێدانی ئاو بەهاوڵاتیان بدەن بەتایبەت لەو شوێنانەی كێشەی كەمی ئاویان هەیە.
3-تایبەت بەوەرگرتنی نرخی ئاو ڕەچاوی شێوازی پلە بەندی تەساعودی بكرێت و كە لەپێشتردا نرخی دواجار دەخوێندرایەوە.
4- لایەنە پەیوەندیدارەكان دڵنیایی بدەنە هاوبەشەكانی ئاو كە پارەی پێشەكی وەرگیراو لەجیاتی پێوەرەكە مانگانە لەكرێی ئاو بدرێتەوە هاوڵاتیان
5- پسوڵەی پارە وەرگرتن گۆڕانكاری لەجۆری كاغەزو ناوەڕۆكەكەی بكرێت، بۆئەوەی هاوڵاتیان بزانن چیان بۆ گەڕاوەتەوەو كاتەكەشی تێدابێت.
6- پێویستە لەسەر كۆمپانیاكان بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری ئاوەكان كەسانی شارەزا بۆ كۆكردنەوەی داهات دابنێن نەك خەڵكانێك نەزانن پێوەرەكان بخوێننەوە.