/   هەواڵ

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: گرێبەستی بە ئەلکترۆنی کردنی مامەڵە دادنوسیەکان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان نییە

2019-09-10

کۆمپانیای  (INFORR)، كە گرێبەستی لەگەڵ( وەزارەتی داد) کردووە ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو
ئەمڕۆ (سێشەممە) بەرواری ( 2019/9/10)، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی (29) ئەندامی ئەنجومەن کۆبوونەوەی پەنجاوچوارەمینی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەتەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر فراوانکردنی سنوری گوندی (بێستان سوری گەورە) لە ناحیەی تانجەرۆ سەر بە قائیمقامیەتی ناوەندی سلێمانی کرا و ئەندامانی ئەنجومەن رای خۆیان لەسەر دەربڕی و پاشان بە دەنگی (28) ئەندام ئەنجومەن لە کۆی (29) بڕیار لەسەر فراوانکردنی گوندەکە درا.
لە كۆبوونەكەدا كە میوانداری هەریەكە لە  نوێنەرانی (فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە سلێمانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنوسی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنوسی بەکرجۆ)كرابوو، هەروەها بڕیاربوو نوێنەری کۆمپانیای  (INFORR)، كە گرێبەستی لەگەڵ( وەزارەتی داد) ئامادەی كۆبوونەوەكە بوایە، بەڵام ئامادەنەبوون بۆ گفتوگۆ لەسەر گرێبەستی وەزارەتی داد و کۆمپانیای (INFORR) بۆ بە ئەلکترۆنی کردنی مامەڵە دادنوسیەکان.
سەرەتا میوانەکان باسیان لە پرۆژەکە و لایەنە یاساییەکەی کرد و پاشان ئەندامانی ئەنجومەن پرسیاریان ئاراستەی میوانەکان کرد و سەرنج و تێبینییەکانیان خستەڕوو.
لە کۆتاییدا بە کۆی دەنگی (26) ئەندامی ئەنجومەن پێشنیاز بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی داد کرا کە گرێبەستەکە هەڵبوەشێتەوە و پاشان پێداچوونەوەی بۆ بکرێت ، هەروەها پرۆژەکە بەشێوازی کێبڕکێ بدرێتە کۆمپانیاکان و بەمەبەستی کەمکردنەوەی نرخ و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان.
دواتریش (ئازاد محەمەد ئەمین) سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ناوەرَۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو‌و وەڵامی  پرسیارەكانی رۆژنامەنووسانیشی دایەوە.





زیاتر بخوێنەوە