/   هەواڵ
د. جوان ئیحسان: ئایا خەڵکی ئێمە پشتگیری لە خواستەکانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەکەن؟
2019-11-03
لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی عێراقو كاریگەری خۆپیشاندانەكانی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان، (د. جوان ئیحسان) سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە سایتی (خەندان) باس لە هەوڵەکانی گۆڕینی دەستور دەکات و مەترسی خۆی لە پەرتەوازەیی کورد لەسەر ئاستی سیاسی و شەقام سەبارەت بە هەموارکردنی دەستور دەردەبڕێت، بە جۆرێک "بگاتە ئەو ئاستەی بۆ تۆڵەکردنەوەش بێت لە کاتی هەموارکردنی دەستوردا خەڵک پێچەوانەی رای دەسەڵاتی هەرێم دەنگبدات ".
پێویستە کورد بە یەک تیم ئیش بکات و هەمو لایەن سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە پێشنیازەکانی هەرێم بدەنە لیژنەی دەستوری
جوان ئیحسان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی کورد بۆ هەمواری دەستوری و ئەو بڕگانەی کورد هەستیاری لەبارەیەوە هەیە بە خەندان-ی راگەیاند، "هەرچەندە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد بە پەرلەمانتارانی کورد بڵێن ئاگاداری کام مادانەی دەستور بین، کە کاریگەری لەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێم دەبێت، بەڵام بە گشتی ئێمە لەگەڵ دەستکاریکردنی ئەو مادانەی دەستور نین کە هاوسەنگی نەتەوەیی، ئازادی و مافەکان و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان دەستکاری دەکات ".
ئاماژەی بەوەشکرد، نوێنەرانی کورد لە لیژنەی نوسینەوەی دەستور پێویستیان بە را و پێشنیازی کەسانی پسپۆڕ و تیمی راوێژکاری شارەزا دەبێت، چونکە سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیارێک سەرۆکی فڕاکسیۆنەکانی دیارەکانی کردوەتە ئەندام لەو لیژنە 18 کەسییەدا لەسەر بنەمای نەتەوەیی نەوەکو ئەوەی کەسانی شارەزایی دەستوری بن .
جوان ئیحسان وتیشی، "پێویستە کورد بە یەک تیم ئیش بکات و هەمو لایەن سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە پێشنیازەکانی هەرێم بدەنە لیژنەی دەستوری، بە رای تایبەتی خۆم ئەم لیژنەیە بە کرداری گۆڕنکاری دەکات و بەرەو ئەوە دەچیت گۆڕانکاری دەستوری بخرێتە راپرسیەوە ".
سەبارەت بە دیارترین پێشنیازەکان بۆ گۆڕنکاری دەستوری کە دەوترێت داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران گۆڕینی سیستەمی حکومڕانیە بۆ سەرۆکایەتی، جوان ئیحسان وتی، "داواکارییەکان لەلایەن بەشێک لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆژنامەنوس و کەسانی پسپۆڕ ئامادە دەکرێت و دەبنە بەشێک لەو تیمەی گەڵاڵەی پێشنیازەکان دەکات، ئەو دەنگەش دەبیستین کە داوای گۆڕینی جۆری حکومڕانی دەکات، لە هەمان کاتدا داواکاری زۆر هەیە بۆ گەڕانەوە سیستەمی پارێزگاکان و نەمانی فیدڕاڵی و دەنگێکیش هەیە داوا دەکات ماددەی 140 لە دەستوردا هەر نەمێنێت و ئەوانەش ئەو کەسانەن کە دژی دەسەڵاتی هەرێمەکانن ".
لەبارەی کاریگەری گۆڕینی دەستور لەسەر دەسەڵات و مافەکانی هەرێم، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەی خستەڕو، "دەبێت سەركردایەتی كورد بە وریاییەوە مامەڵە بكەن، چونكە ئەگەر ئەم دەستورە بگۆڕدرێت، رەنگە یەکەم زەرەرمەند کورد بێت، چونکە ئەگەر هاوسەنگی نەتەوەیی لەبەرچاو نەگیرێت سونە و شیعە کێشەیان نیە، جیاوازی ئەوان مەزهەبییە، بەڵام ئێمە زمان، نەتەوە، خاکەکەمان وجودمان لە ژێر دەستی ئەواندایە، کەمکردنەوەی ئەو مافانە دەمانخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە ".
سەبارەت بە بونی گەرەنتی دەستور وەکو نمونەی مادەی 126ی دەستور کە رێگە بە هەرێمەکان دەدات گۆڕانکاری دەستوری رەتبکەنەوە ئەگەر ناوەند ویستی دەسەڵاتی هەرێمەکان کەمبکاتەوە، جوان ئیحسان رونیکردەوە، "من ترسم لە کورد خۆی و ئەجێندەی هەندێک لە حزبەکانی هەرێم هەیە، لەوەی کە ئایا ئێمە توانیومانە خەڵکی خۆمان لە ئاستی مەترسییەکان هۆشیاربکەینەوە؟، ئێمە کەمتەرخەم بوین و بەهۆی ململانێی ناوخۆی حزبەکان نەمانتوانیوە تاکی کورد لەو مەترسیانە ئاگادر بکەینەوە ".
ئەوەشی خستەڕو، "ترسی ئێمە لەوەیە ئەگەر کاتێک بێتە سەر ریفراندۆمی هەمواری دەستوری، ئایا خەڵکی ئێمە بەوشێوەی پێویستە ئامادە دەبن، کە پشتگیری لە خواستەکانی دەسەڵاتە سیاسیەکەی هەرێم دەکەن؟، رقیان لە هەندێک هەڵە سیاسی وایان لێناکات دەنگ بەو هەموارە بدەن لە کاتێکدا هەرێم پێی رازی نیە و بە پێچەوانەشەوە؟ ".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکراشیکرد، "ئەگەر لە خولەکانی رابردو کارەکانی هەموارکردنەوەی دەستور وەکو پێویست نەچوبێتە پێش و تەنها هەوڵی هەندێ لایەن بوبێت، ئەوا لە ئێستادا پەرلەمان لیژنەی بۆ پێکهێناوە وکارەکانی خۆی دەستپێدەکات و چاوەڕوان دەکرێت کارەکانی بە زویی تەواو بکات ".
رونیشیکردەوە، "ئەم لیژنەیە بە بڕیار سەرۆکی پەرلەمان لە ماوەی نیوکاتژمێردا و لە دانیشتنی رۆژی 29ی ئەم مانگەدا پێکهێنراوە و ئەندامەکانی لە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهاتوە و رەچاوی پێکهاتەی ئاینی و نەتەوەیی کراوە ".