/   هەواڵ
غالب محمد: تا پەسەندكردنی بودجەی ساڵی (2020)، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت
2020-01-15
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران بەوەی كە تا پەسەندكردنی مووچەی ساڵی (2020)، بەغداد بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان...
(د. غالب محەمەد) نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە واڵی تایبەتی خۆی لە سەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاندوە و دەڵێت:"دوێنی موچەی مانگی یەك هاتووە، موچەش بەردەوام دەبێت بەپێی یاسای بودجەی عیراق لە ساڵی (2019)"
هەر لە روونكردنەوەكەی ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووەكە " هەتا یاسای بودجەی (2020)ی عێراق دەنگی لە سەر نەدرێت موچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت...."
هاوكات ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات كە: " حكومەتی هەڕێم هەتا ئێستا یەك بەرمیل نەوتی تەسلم نەكردووە و یەك دیناری عیراقیش رادەستنەكردوە ...."
(غالب محەمەد) لە كۆتایشدا ئاماژە بە نوسراوێكی (سەرۆکی لیژنەیدەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق) دەكات کە ئاڕاستەی وەزیری دارایی عێراق كراوەو تیایدا هاتووە: "بە گوێرە یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت ئەگەر پارێزگاکان و یان هەرێمەکان یان ناوچەکانی رێکنەخراو لەناو هەرێمێکدا داهاتەکانی نەوت و غازیان رادەستنەکرد، وەزارەتی دارایی دەتوانێت پشکی ئەو شوێنانە
کەمبکاتەوە" ناوبراو ئەوەیشی راگەیاند كە ئەمە كاریگەری دەبێت بۆ یاسای بودجەی (2020) كە دەبێت هەرێمی كوردستان نەوت رادەستبكەن.
شیاوی باسە یەكێك لەو كێشانەی كە تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم پێوەی دەناڵێنن، دواكەوتنی موچەكەیان لەكاتی خۆیدا، لە ئێستا بەشێك لە مووچەخۆرانی هەرێم تازە مووچەی مانگی (10/2019)یان وەرگرتووە، بەڵام وەك ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەسەر دەكەنەوە بەغداد مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچە دەنێرێت.