/   هەواڵ
(بەرزان شێخ محەمەد )و (شیروان میرزا قادر) میوانی بەرنامەی (پارێزگای سلێمانی و نوێنەرانی) بوون
2020-01-19
ئەمڕۆ یەكشەممە بەرواری (19/1/2020) بە میوانداری هەریەكە لەبەڕێزان (بەرزان شێخ محەمەد) جێگری سەرۆكی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) و بەڕێز (شیروان میرزا قادر) ئەندامی فراكسیۆنی (یەكێتی)و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشكەشكرا
بەرزان شێخ محەمەد:
بە جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی، پارێزگاكان باشتر سوود لەداهاتی ناوخۆیان دەبینن
لەسەرەتای بەرنامەكەدا لەگەڵ بەڕێز (بەرزان شێخ محەمەد) جێگری سەرۆكی (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) ، ئەم تەوەرانە گفتوگۆیان لەسەركرا:
1/ هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای ساڵی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
2/ پلانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2020 .
3/ دانیشتنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی....
4/ پەیوەندی ئەنجومەنی پارێزگاو دامودەزگا حكومیەكان.
5/ شەقامی (100) مەتری سلێمانی.
ئەمە جگە لە گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت بە پارێزگای سلێمانی، پاشانیش چەند هاووڵاتیەك پەیوەندییان بە بەرنامەكەوە كردو گرفتو داواكاری پێشنیاریان خستە بەردەست بەڕێز (بەرزان شێخ محەمەد) و ناوبراویش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە....
لە میانی بەشی یەكەمی بەرنامەكەدا (بەرزان شێخ محەمەد) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر هەموو گرفتەكانی پارێزگای سلێمانی قسەی خۆمان كردووە، چ لە رێگەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنەوە بووبێت، یان لەرێی لیژنە هەمیشەیەكانی ئەنجومەنەو ئەندامانی ئەنجومەنەوە بوو بێت، بەڵام ئێمە گرفتمان لەگەڵ یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009)دا هەیە كە كەموكورتی لە بەشێك لە بڕگەو مادەكانیدا هەیە.
هەروەها پەیڕەونەكردنی سیستمی لامەركەزیش بە هۆكارێكی دیكەی بەردەم كارا نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاكان باسكرد.
سەبارەت بە پەیوەندی ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ بەڕیوبەرەگشتییەكان و دامودەزگاكانی دیكەی پارێزگاكە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند كە لەگەڵ هەندێك دامودەزگادا باشە، بەڵام لەگەڵ هەندێكی دیكەدا وەك پێویست نییە.....
شیروان میرزا قادر:
دەبێت حكومەتی هەرێم خۆی چارەسەری كێشەی دواكەوتنی مووچە بكات
لە بەشی دووەمی بەرنامەكەشدا میوانداری بەڕێز (شیروان میرزا قادر) ئەندامی فراكسیۆنی (یەكێتی)و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو....لەم بەشەدا لەگەڵ بەڕێز (شیروان میرزا قادر) ئەم تەوەرانە گفتوگۆیان لەسەركرا:
1/ دۆخی ئێستای عێراق.
2/ پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد لەم دۆخەدا.
3/ بەدواداچوون بۆ هۆكاری دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم (لەكاتێكدا بەغداد مانگانە مووچە دەنێرێت بۆ هەرێم).
4/ بەرنامەی فراكسیۆنی (یەكێتی نیشتمانی) لە ئەمساڵدا.
5/ پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم
ئەمانەچەند تەوەرێكی دیكەش گفتوگۆیان لەسەركراو دواتریش هاووڵاتیان پەیوەندییان بەبەرنامەكەوە كردو چەند كێشەو گرفتێكیان خستەڕوو.
بەڕێز (شیروان میرزا قادر) لەمیانی بەرنامەكەدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لە ڕووی دەستوری و یاساییەوە هیچ رێگرێك نییە بۆ دووبارە كاندیدكردنەوەی (عادل عبدالمهدی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام ئەمە لە ئەرزی واقدا كارێكی زۆر قورس و رەنگە ئەشتەمیش بێت...
هەروەها نوێنەرەكەی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) رایگەیاند: ئارامیو سەقامگیری عێراق هۆكارە بۆ ئارامیو سەقامگیری هەرێمی كوردستان...
وتی هەڵەیە بوترێت پێشێوی بەغداد بۆ هەرێم قازانجە....
هەروەها سەبارەت بە دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناوبراوئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بە غداد مانگانە لەكاتی خۆیدا مووچە دەنێرێت، بەڵام كێشەكە لای حكومەتی هەرێمە نەیتوانیوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات....
هەروەها لەمیانی بەرنامەكەدا (شیروان میرزا) باسی لە بەرنامەی فراكسیۆنی یەكێتی كرد، كە بە نیازن لە ئێستادا ئیش لەسەر ئەم دوو بوارە بكرێت:
1/ باشكردنی پیەیوەندی نێوان بەغدادو هەرێمچونكە پێمان وایە بە قازانجی خەلكی كوردستان دەشكێتەوە
2/ دروستكردنی چەند بەنداوێك لە سنوری پارێزگا سلێمانی
لەكۆتایشدا (شیروان میرزا قادر) باسی لە رێكەوتنی نێوان عێراق و چین كردەوەو ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە بە پێی رێكەوتنەكە عێراق ئاوەدانی و پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینێت.
بەرنامەی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی)، بەرنامەیەكی هەفتانەی تایبەتە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بەهاوكاری رێكخراوی( NED)ئەمریكی لەرادیۆی (نەوا)وە رۆژانی )یەكشەممە(كاتژمێر (3:00) بۆ (4:00)ی پاش نیوەڕوان راستەوخۆ بەمیوانداری نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێشكەشدەكرێت.
بۆ گوێگرتن لە تەواوی بەرنامەكە كلینك لەم لینكە بكە:
https://www.radionawa.com/Ku/show-detail.aspx?jimare=145&znjera=5159