/   هەواڵ
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پڕۆژەیەكی بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچوانی کۆلێژ و پەیمانگا کشتوکاڵییەکان، پەسەند كرد
2020-01-21
ئەمڕۆ(سێشەممە) بەرواری (21/1/2020) ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، یەكەم دانیشتنی ئاسایی خۆی لە ساڵی نوێدا ئەنجامدا.
ئەجێندای دانیشتنەكە لە یەك بڕگە پێكهاتبوو كە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژەپێشنیارێكی (لیژنەی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو)، كە بریتی بوو لە (پرۆژەی کشتوکاڵی لەپێناو رەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچوانی کۆلێژ و پەیمانگا کشتوکاڵییەکان).
بە پێی پڕۆژە پێشنیارەكە (660) دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە (بازیان) و سەرجەم زەویە کشتوکاڵیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین بدرێت بە دەرچوانی كۆلێژی کشتوکاڵ بۆ پرَۆژەی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی هەلی کار....
پاش گفتوگۆو راگۆڕینەوە، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە چەند تێبینیو سەرنجێك خرانەڕوو، دواتریش بە دەنگی (20) ئەندام لە كۆی (27) ئەندامی ئامادەبوو پڕۆژە پێشنیارەكە پەسەندكرا.... بڕیاردرا بە پێشنیاز بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن کە ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەی سودی لێنابینن، یان وەک پێویست سودمەند نەبون لێیان، بدرێت بە دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و ئامادەییە پیشەییەکانی کشتوکاڵ.
ئەم پڕۆژە پێشنیارە كە (لیژنەی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو) ئامادەیكردووە، هەنگاوێكی نوێیە، وەك (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) پێشنیار دەكەین كە لیژنە هەمیشەییەكانی دیكەی ئەنجومەنی پارێزگا بە پێی پسپۆڕیو تایبەتمەندی خۆیان بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیانی سنوری جوگرافی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پڕۆژە پێشنیار ئامادەبكەنو بەمەبەستی كەمكردنەوەو چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان.