مەهدی مەحمود:
خەرجكردنی بودجەی پارێزگای سلێمانی پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە
بەشی یەكەمی بەرنامەكە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر چەند تەورێك بەمیوانداری بەڕێز (مەهدی مەحمود) سكرتێری (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی)كە تیایدا ئەم تەورانە گفتوگۆیان لەسەر كرا:
1/ پلانی ئەمساڵی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
2/ پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان ئەنجومەن.
3/ كێشەی وەستانی هەندێك لە پڕۆژە پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان.
4/ پەیوەندی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیو هەندێك لە فەرمانگەكان.
هەر لەمیانی بەرنامەكەدا چەند هاووڵاتیەك هەندێك لە كێشەو گرفتەكانی پارێزگاكەیان باسكردو داوایان ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواداچوونیان بۆ بكات....
بەڕێز سكرتێری (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگادا هیچ بڕە پارەیەك نەهاتووەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هەر برەِپارەیەكیش كە خەرج دەكرێت بۆ پڕۆژەكانی پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەنی پارێزگا لێی ئاگادارنییە، هەروەها بەڕێزیان ئەوەشیان راگەیاند: تەنانەت ئەوبڕەپارانەش كە لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان دابینكراوە، ئەنجومەنی پارێزگا لێی ئاگادار نییە، بۆیە خەرجكردنی بودجەی پارێزگای سلێمانی پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە....
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە هاتنی هاووڵاتیان بۆ ئەنجومەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە هاووڵاتیان درك بەو راستیەدەكەن كە دامەزراوەیەك هەیە بە دواداچوون بۆ كێشەو گرفتەكانیان دەكات...
لەكۆتایی بەرنامەكەشدا (مەهدی مەحمود) بەڵێنیدا لە رێگەی لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاوە بە دواداچوون بۆ ئەو كێشەو گرفتانە بكرێت كە لەبەر نامەكەدا لەلایەن هاووڵاتیانەوە خرانەڕوو...
بەشی دووەمی بەرنامەكەش تایبەت بوو بە میوانداریكردنی بەڕێز (ئەحمەدی حاجی رەشید) ئەندامی فراكسیۆنی (كۆمەڵی ئیسلامی)و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق...
ئەحمەدی حاجی رەشید:
ئەو بڕە پارە زیادەیەی خراوەتە سەركارتی مۆبایل و ئەنتەرنێت، نایاساین
لەمیانی بەرنامەكەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەم تەوەرانەوە كرا:
1/ بودجەی (2020)ی حكومەتی عێراق.
2/ لە ساڵی 2019 جگە لە مووچەو بودجەی سیادی هەرێم، چ بڕە پارەیەكی تر لە بودجەی عێراق بۆ پارێزگاكانی هەرێم خەرج كراوە؟ یان ئایا هاووڵاتیانی هەرێم تەنها لە مووچە سوود مەند لە بودجەی عێراقدا؟
3/ گرانی نرخی كارتی مۆبایلو ئینتەرنێت.
4/ هەنگاوەكانی بە نێودەوڵەتی كردنی هەندێك لە مەرزەكان.
5/ بەرنامەی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی.
سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2020)ی عێراق ، (ئەحمەدی حاجی رەشید) رایگەیاند: پڕۆژەكە ئامادەكراوە بەڵام لەبەر دوو هۆكار رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، یەكەم لەبەر ئەوەی پڕۆژەكە هەندێك كەموكورتی تێدایە، دووەم لەبەر ئەوەری ئەم حكومەتەی عێراق كار بەڕێكەرەو بە پێی یاسا حكومەتی كار بەڕێكەر ناتوانێت پڕۆژە یاسا پێشكەش بە پەرلەمان بكات، بەڵام نەبوونی پڕۆەژ یاسای بودجەی نوێ نابێتە رێگر لەبەردەم مووچەی فەرمانبەراندا حكومەت بەردەوامە لە دابەشكردنی مووچەدا....
هەروەها سەبارەت بە هاوتانەكردنی مووچەی (كەسوكاری شەهیدان، كەمئەندامانو زیندانیانی سیاسی) هەرێم لە گەڵ بەغدادا، ناوبراو وتی ئەوكێشەیە پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە هەیە، چونكە دەبێت حكومەتی هەرێم بەو مەرجانە پابەند بێت كە (دەستەی شەهیدان)ی عێراق دیاریان دەكات....
هەروەها بابەتی گەنمی جوتیارانیش یەكێكە لە گرفتەكانی هاووڵاتیان، بەڕێز (ئەحمەدی حاجی رەشید) لەوبارەوە هەوڵەكانی خۆیان باس كردوو ئاماژەی بۆ گرفتەكانیان بەردەمیان كردو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دووجار بەڵێنی پێداوین، بەڵام تائێستا بەڵێنەكانی نەبردووەتە سەر...
سەبارەت بە مەرزەكانیش ئەوەشی راگەیاند تا حكومەتی هەرێم داهاتی مەرزەكان رادەستی نەكات، حكومەتی بەغدادش ئامادە نییە ئەو مەرزانە بكاتەوە، لەرووی یاساییەوە دەبێت داهاتی مەرزەكان بگەڕێنەو بەغداد
لەم بەشەشدا چەند هاووڵاتیەكان بەشداریان كردو پرسیارو رەخنەو راو سەرنجی خۆیان خستە بەردەست میوانی بەرنامە....
بەرنامەی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی)، بەرنامەیەكی هەفتانەی تایبەتە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بەهاوكاری رێكخراوی( NED)ئەمریكی لەرادیۆی (نەوا)وە رۆژانی )یەكشەممە(كاتژمێر (3:00) بۆ (4:00)ی پاش نیوەڕوان راستەوخۆ بەمیوانداری نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێشكەشدەكرێت.