/   هەواڵ
كەریم عەلی و دانا جەزا، میوانی بەرنامەی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی) بوون
2020-02-09
ئەمڕۆ (یەكشەممە) بەرواری (9/2/2020) پێنجەم بەرنامەی ساڵی پێنجەمی بەرنامەی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی) بە میوانداری هەریەكە لەبەڕێزان (كەریم عەلی) سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو وزە لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) و بەڕێز (دانا جەزا) ئەندامی فراكسیۆنی (پارتی دیموكراتی كوردستان)و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشكەشكرا...
كەریم عەلی:
"سكاڵای یاسای لەدژی پەرلەمانو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەجوڵێنن".
دانا جەزا:
پارەی گەنمی جوتیاران بۆ بوارێكی دیكە خەرجكراوە
بەشی یەكەمی بەرنامەكە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر چەند تەوەرێك لەگەڵ بەڕێز (كەریم عەلی) سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو وزە لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) تیایدا گفتوگۆ لەسەر ئەم تەوەرانە كرا:
1/ گرفتی سەرهەڵدانی كێشەی غازو چۆنیەتی چارەسەكردنیان.
2/ بەدواداچوننەكانی لیژنەكە بۆ ئەم كێشەیە
3/ گرفتی دابەشنەكردنی نەوتی سپی ماڵان.
4/ رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگا لە كێشەكانی هاووڵاتیاندا.
كەریم عەلی:
پێمان سەیرە لە ناوچەیەكی ئارامی وەك سلێمانیدا بە ئاشكرا تەقە لە تەنەكەری گواستنەوەی غاز كراوەو تەقەكەران دەستگیرنەكراون...
ئەمانەو چەند بابەتێكی دیكەش لەمیانی بەرنامەكەدا گفتوگۆی پێویستیان لەبارەوە كرا، ئەمە جگە لەوەی كە چەند هاووڵاتیەكیش پەیوەندیان بەبەرنامەكەوەو كردو گرفتو رەخنەو پرسیاری خۆیان خستە بەردەم ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی...
سەبارەت بە گرفتی غاز، (كەریم عەلی) سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو وزە لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) لە میانی بەرنامەكەدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردكە ئەوان وەك لیژنەكەیان بەدواداچوونیان بۆ ئەو كێشەیە كردوەو دەركەوتووە، كە كێشەكە كێشەی كەمی غاز نییە، بەڵكو كێشەكە (كێشەی ئەمنی)یە ...
هەروەها سەرسەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕی كە چۆن لە ناوچەیەكی ئارامی وەك سلێمانیدا بە ئاشكرا تەقە لە تەنەكەری گواستنەوەی غاز كراوەو تائێستاش تەقەكەران دەستگیر نەكراون...
سەبارەت بە هۆكاری دابەشنەكردنی سوتەمەنیش لە كوردستاندا، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو وزە لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) هۆكارەكەی بۆ كەمەتەرخەمی ئەم لایەنانە گەڕاندەوە:-
1/ كەمتەرخەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان
2/ لاوازی چاودێریو بەدواداچوونی پەرەلەمانی كوردستان.
3/ لاوازی نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لەئەگەری وەڵام نەدانەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بۆ داواكاریەكانی لیژنەكەیان، (كەریم عەلی) سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیو وزە لە (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) وتی: سكاڵای یاسای لەدژی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەجوڵێنن.
بەشی دووەمی بەرنامەكەش تایبەت بوو بە میوانداریكردنی بەڕێز (دانا جەزا) ئەندامی فراكسیۆنی (پارتی دیموكراتی كوردستان)و نوێنەری پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق...
لەمیانی بەرنامەكەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەم تەوەرانەوە كرا:
1/ بارودۆخی ئەمڕۆی عێراقو راسپاردنی (محەمەد توفیق عەلاوی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
2/ كوردو حكومەتی داهاتووی عێراق.
3/ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
4/ چارەنووسی پارەی گەنمی جوتیاران.
5/ جیاوازی لە نێوان هەولێرو سلێمانی لەرووی خزمەتگوزاریەوە.
6/ بەرنامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئەمساڵدا.
ئەمانەو چەند تەوەرێكی دیكە لەبەرنامەكەدا گفتوگۆی چڕیان لەسەركرا.
دانا جەزا:
وەبەرهێنەران دۆخی هەولێر بە لەبارتر دەزانن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراق، نوێنەرەكەی پارێزگای سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند كە بارودۆخەكە زۆر ئاڵۆزو ناجێگرەو هیچ متمانەیەكیش لە نێوان خۆپیشاندەرانو حكومەتو لایەنە سیاسیەكاندا نەماوە....
هەروەها سەبارەت بە راسپاردنی (محەمەد توفیق عەلاوی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق. نوێنەرەكە یپارێزگای سلێمانی وتی: ئێمە سەیری بەرنامەی حكومەتەكە دەكەین نەك خودی كاندیدەكە، هەركەسێك ببێتە سەرۆك وەزیری عێراق پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانە بكات:
1/ هاوسەنگی بەرنامەی حكومەتەكەی.
2/ رێز گرتن لە پێكەوەژیان.
3/ پاراستنی مافی گەلانی عێراقو گەلی كورد بەتایبەتی.
4/ پابەند بوون بەدەستور.
سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیارنی هەرێمیش (دانا جەزا) رایگەیاند: كەوا وەك نوێنەرانی كورد لە بەغداد بەدواداچوونمان بۆ پارەی گەنمی جوتیاران كردووە، چوینەتە وەزرەتی دارایی، ئەوان رایانگەیاند كە پارەكە لای ئەوانە سەرفكراوەو نێردراوە بۆ وەزارەتی بازرگانی، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی وەزارەتی بازرگانیكراوەو بەڵام لەوێ رایانگەیاند كە پارەكە بۆ بوارێكی تر خەرج كراوە...
سەبارەت بە بوونی جیاوازی لە نێوان هەولێرو سلێمانیدا، ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێ،ەرانی عێراق وتی: هیچ جیاوازیەك نەكراوە لە نێوان هەولێرو سلێمانیدا هەر بڕە پارەیەك لە بەغداوە بۆ هەر شوێنێك دابین بكرێت، دەبێت بڕوات بۆ ئەو شوێنە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش هەولێر لەبەر ئەوەی پایتەختەو نوێنەری وڵاتانی لێیە، وەبەرهێنەرانیش هەولێر بەگونجاوتر دەزانن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان لەبەر ئەوەی ململانێ سیاسیەكان لە رابردوودا لە سلێمانیدا كاریگەریان هەبووە لەسەر ئەو دۆخە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەش ناوبراو پێی وابوو كە لە ئێستادا قورسە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت لەبەر ئەوەی لەلایەك یاسای هەڵبژاردن تەواو نەبووە، لەلایەكی دیكەشەوە هێشتا كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێكنەهاتووە، ئەمە جگە لە خراپی بارودۆخی سیاسی عێراقو بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان....
بەرنامەی (پارێزگای سلێمانیو نوێنەرانی)، بەرنامەیەكی هەفتانەی تایبەتە (رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان) بەهاوكاری رێكخراوی( NED)ئەمریكی لەرادیۆی (نەوا)وە رۆژانی )یەكشەممە( كاتژمێر (3:00) بۆ (4:00)ی پاش نیوەڕوان راستەوخۆ بەمیوانداری نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق)و (ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی) پێشكەشدەكرێت.
بۆ گوێگرتن لە تەواوی بەرنامەكە كلینك لەم لینكە بكە:
https://www.radionawa.com/Ku/show-detail.aspx?jimare=145