/   بیروڕا
تاوانباران و نەرمی مامەڵەكردن لەگەڵیان
رزگار حەمە نوری میرزا
2019-04-11
وەك دەزانین لەگەڵ هەموو بەرەو پێشچوونێكی كۆمەڵگا بەتایبەتی بوارەكانی خۆشگوزەرانی و تەكنەلۆجیاش دیاردەی تاوانیش پەرەدەسێنێت بە تایبەتی هەرێمی كوردستان بەحوكمی بوونی قەیرانە جۆراوجۆرەكان لەبارە بۆ تەشەنەكردنی دیاردەكانی تاوان ئەمە لەلایەك و لە لایەكی دیكەشەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەن و چاوكرانەوەی زیاتری مرۆڤ هەروەك چۆن لە كارە باشەكاندا داهێنانەكان زیاد دەبێت لەكارە خراپەكانیشدا بەهەمان شێوە داهێنان زیاد دەبێت . ئەگەر سەرنجێ بدەین لەم چەن ساڵەی كۆتاییدا هەم لەڕووی چەندایەتیەوە تاوانەكان ڕوو لەزیاد بوونن هەم لەڕووی چۆنایەتیەوە ڕوو لەتوندوتیژی زیاترن ، سەرەڕای دەستخۆشی زۆرم بۆ دام و دەزگا ئەمنیەكانی هەرێم كە شەونخونی زۆر دەكەن و چاوكراوەو وردن و زۆربەی تاوانەكانیش بە بچووك و گەورەوە ئاشكرا دەكەن ، بەڵام ئاشكرایە یەكێك لەهۆكارەكانی گەشەسەندنی تاوان لەهەر وڵاتێكدا شل و شێواوی و نەرمی دەقی یاساكانە یان شل و شێواوی و نەرمی لە سەپاندنی یاساكانە بەسەر تاوانبارەكاندا ، بەڕای من كە جێگای داخە ئەم حاڵەتە لە هەرێمی كوردستان بەڕوونی دیارەو دەبینرێت ، بۆیە ئاماژە بۆ هۆكارەكانی ئەم گرفتە دەكەم بەهیوام ئەوەی لای بەندە هۆكارەو ئەوەی لەدڵی خوێنەری بەڕێزدایە بتوانم تیشك بخەمە سەری كەئەوانیش بریتین لە ئەو لێبوردنە گشتیانەی كە زۆرجار تاوانباری گەورەی پێ ڕزگار دەكرێت و سەرلەنوێ تاوانی گەورەتر ئەنجام دەدات نموونەش زۆرن لەم حاڵەتە ، یان كەم و كورتی و نەرمیە لە دەقی یاساكانی سزاداندا ، یان چاوپۆشی و نەرمی لە جێبەجێكردنیان لەلایەن خودی دادوەرەكانەوە ، بۆیە هەركام لەم حاڵەتانە بوونی هەبێت دەبێتە پشتیوان و هاوكار بۆ گەشەسەندنی دیاردەكانی تاوان . نموونەیەكی زیندوو بۆ نەرم و نیانی یاساكانی سزادان ئەوەیە كە زۆجار تاوانبارەكان لەزیندانا بەرنامە بۆ تاوانی گەورەتر دادەنێن لەبەرئەوەی زۆربەی حوكمی تاوانە قێزەونەكان زیندانە بۆ چەن ساڵێك هەربۆیە تاوانباران بەهێمنی و بەئیسراحەت لە ژوورەكانی زیندانا نەخشەی تاوانی گەورەتر دادەنێن . بۆیە بەڕای بەندە پێویستە خولی نوێی پەرلەمانی هەرێم هەمواری ئەو دەقە یاساییانە بكەن كەتایبەتن بە تاوان بەتایبەتی كەزۆربەیان یاسا كۆنەكانی سزادانی عێڕاقین و ڕەنگە بۆ ئەم سەردەمە نەگونجێن ، وە پێویستە دادوەرە بەڕێزەكانیش توندترین دەقی یاسایی جێبەجێ بكەن بەسەر تاوانباراندا بە تایبەتی ئەوانەی تاوانی گەورە ئەنجام دەدەن . هەر لە كاتی نووسینی ئەم چەن دێڕەدا ماڵپەڕەكان نووسیبویان هەر ئەمڕۆ لە سلێمانی كەسێك و لە سۆران كەسێك كوژراوە .