/   بیروڕا
راپۆرتێکی تایبەت بە کێشەی زیادەڕەویی زەویوزار لە سلێمانی
محەمەد رەسوڵ موراد
2017-03-23
راپۆرتێکی تایبەت بە کێشەی زیادەڕەویی زەویوزار لە سلێمانی
محەمەد رەسوڵ موراد / سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی (شارەوانی، ئاو، کارەبا، هاتووچۆ، گواستنەوە و گەیاندن)/ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
پێڕستی راپۆرتەکە:
- پێشەکییەکی کورت لەسەر زیادەڕەوی
A/ زیادەڕەوی لە رووی بابەتییەوە:
یەکەم/ ئەو زیادەڕەویانەی دەکرێنە سەر موڵکی گشتی لە دەوروبەری شارەکاندا.
دووەم/ ئەو زیادەڕەویانەی دەکرێنە سەر موڵکی گشتی لە چەقی شارەکاندا.
B/ زیادەڕەوی لە رووی کەسییەوە:
یەکەم: زیادەڕۆکارانی خاوەن نفوز و دەسەڵات
دووەم: زیادەڕۆکارانی هەژار و کەمدەرامەت
سێیەم: زیادەڕۆکارانی دەوڵەت (حکومەت)
C/ هۆکارەکانی پەرەسەندنی زیادەڕەوی
D/ هەوڵەکا بۆ بەرگرتن لە زیادەڕەوی و نەهێشتنی
E / چی بکرێ بۆ بەرگرتن بە زیادەڕەوی و چارەسەرکردنی؟
وەک هەموولایەک ئاگادارن ماوەیەکی زۆرە دیاردەی زیادەڕەوی رۆژ لە دوای
رۆژ لە ناو شار و دەوروبەری شاردا لە زیادبووندایە. بە شێوەیەک بووەهۆی ئەوەی فەرمانگە
حکومییەکان نەتوانن کاری خۆیان بکەن و بەرەنگاریی ئەم دیاردە قێزەونە ببنەوە، بە جۆرێک
رەنگیداوەتەوە، کە هەیبەتی بۆ حکومەت و فەرمانگەکانی نەهێشتووەتەوە، تاکو کار بەوەگەیشتووە
خەڵکانێکی گەندەڵ و دژە یاسا ئەم هەلە بقۆزنەوە و بکەونە داگیرکردنی موڵک و ماڵی گشتی
و بەتاڵانبردنی فرۆشتنی و پێکەوەنانی سەروەت و سامانی ناڕەوا.
بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست لەسەر ئەم بابەتە، سەردانی لایەنە
پەیوەنددارەکانمان کرد، و گەیشتینە ئە دەرەنجامانەی خوارەوە:
A/ زیادەڕەوی لە رووی بابەتییەوە:
یەکەم: ئەو زیادەڕەوییانەی کراونەتە سەر موڵکی گشتی لە دەوروبەری شاری
سلێمانی:
ئەو زیادەڕەوییانە کراونەتە سەر موڵکی گشتی لە گوندەکان و دەوروبەری گوندەکان
و دەرەوەی شاری سلێمانی، کە سەرجەمیان زەویی وەزارەتەکانی شارەوانی، یان دارایی، یان
کشتوکاڵن.
ئێمە سلێمانیمان بە نمونە هێناوەتەوە، ئەگینا بارودۆخی شار
و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێم باشتر نیە، بەڵکو حاڵی هەندێ شار و شارۆچکە زۆر مەترسیدارە،
بەڵام بە شانازییەوە ئەو ئازادیی رادەربڕین و بەدواداچون و شەفافییەت و دەستکەوتنی
زانیاریی پێویست و کرانەوەیەی لە سلێمانی و دەوروبەری فەراهەمکراوە لە شارەکانی دیکەی
هەرێم و عیراق و دراوسێی عیراقیش دەگمەنە.
ئەم زیادەڕۆکارانە زەویی حکومەت داگیردەکەن و کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکەن
و بیناو کۆگای لەسەر دروستدەکەن، بێ ئەوەی گوێ بە یاساکانی وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتەکانی
دیکە بدەن. ئەمانە هەندێکیان چەکدارن و هەموو شێوازێکی بەرەنگاربوونەوە بەکاردێنن،
وەک رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، تاکو دەگاتە بەکارهێنانی ژن و منداڵ بۆ کارکردنە سەر
هەست و ویژدانی بەرامبەریان، هەروەها هەندێکیان پشتیوانیی عەشائیری، یان حزبی، یان
عەسکەی دەکرێن، کە تیمەکانی شارەوانی و هێزەکانی هاوکاری، ناتوانن بەرەنگاریان ببنەوە.
ئەم شوێنانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەین هەرە دیارترینیانن، کە ئەم
گوندانە و دەوروبەریان دەگرێتەوە:
- گوندی ناوگردان/ دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانیەوە، لە ماستەرپلاندایە
و نەخشەی پەسەندکراوی هەیە، بەڵام ئەو شوێنەی زیادەڕەوی لەسەرکراوە لە دەرەوەی ماستەرپلانە،
کە تاکو ئەم رێکەوتە زیاتر لە (٢٠٠) دوو سەد خانوو لەم شوێنە بە زیادەڕەوی دروستکراوە.
- گوندی رازییانەی کانی شینکە/ لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانیە و نەخشەی پەسەندکراوی
هەیە، لەم شوێنە پتر لە ١٠ دە دۆنم زەویی زیادەڕەوی لەسەر کراوە، ناوی سەرجەم زیادەڕۆکاران
دراون بە دادگا، بەڵام کەسیان دەستگیرنەکراون.
- گوندی مەلا داود/ ئەم شوێنە لە رۆژئاوای سلێمانییە و دەکەوێتەسەر جادەی
قەیوان، سنوری گوندەکە نەخشەی هەیە، بەڵام ئەوەی زیادەڕەوی لەسەرکراوە پتر لە ٧٠ حەفتا
دۆنم زەوی دەبێت و دەکەوێتە دەرەوەی ماستەر پلانەوە نزیکەی ٢٥ بۆ ٣٠ باخی لەسەر
دروست کراوە.
- گوندەکانی ئاڵیاوا و فەرەجاوا/ دەکەونە باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانیەوە لەو
دیو پردی تانجەڕۆوە کە نەخشەی پەسەندکراویان نییە. کۆمەڵێک خانویان بە زیادەڕەوی لێدروستکراوە.
- گوندی هوانە/ لە رۆژهەڵاتی سلێمانییە، نزیک شەقامی تانجەڕۆ (ناوچەی پیشەسازیی
دوو)، لە ماستەرپلاندایە و بۆ خزمەتگوزاری تەرخانکراوە، بەڵام زیادەڕۆییەکی زۆری لەسەرکراوە.
- گوندەکانی کۆڵەبی و داربەڕوولە/ دەکەونە رۆژهەڵاتی سلێمانییەوە و نەخشەی
پەسەندکراویان نییە، ژمارەیەک خانوویان لەسەر دروستکراوە، بەڵام کۆنترۆڵکراوە.
- گوندی کانی سپیکە/ لە سنوری ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی دایە، کە قاگعی
(١٩٩) کەڵەکنی پێ دەگوترێ، زیادەڕۆییەکی فراوانی لەسەر کراوە پتر لە ١٣٠ سەدو سی سکاڵا
دراوە بە دادگا، بەڵام کەس دەستگیرنەکراوە.
- گوندی ژاڵەی سەروو و ژاڵەی خواروو/ دەکەوێتە سەر شەقامی (تانجەڕۆ – قەراغ)،
کە نەخشەی پەسەندکراوی هەیە، بەڵام ئیفراز نەکراوە، واتە کەوتۆتە ماستەرپلانی شارەوانییەوە،
بەڵام لەسەر کشتوکاڵ نەکوژاوەتەوە. پتر لە ( ٧٠) کۆگای (٤٠٠)م^٢ بە جەمەلۆن لەسەر
دروستکراوە.
- گوندەکانی کانی حەمە و کانی پیرە/ کە نەخشەی پەسەندکراویان نیە، دەکەونەسەر
شەقامی شار، کە هەریەکەیان پتر لە (٥٠) پەنجا خانوویان بە زیادەڕەویی لەسەر دروستکراوە.
- گوندی تووەسپی/ لە دەرەوەی ماستەرپلانی سلێمانییە، لە سنوری ناحیەی بەکرەجۆیە،
لەودیو بازگەی دۆڵەرووت هەڵکەوتووە، پتر لە (١٠٠٠) هەزار خانووی بە زیادەڕەوی لەسەر
دروستکراوە.
دووەم/ ئەو زیادەڕەویانەی کراونەتە سەر موڵکی گشتی لە چەقی شاردا:
ئەو زیادەڕەوییانەی کە لە ناوەندی شارەکاندا کراون، بە شێکی تری زیادەڕۆکان
بۆ سەر شەقام و شۆستەکانە لە شوێنە گشتیەکاندا، کە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەوە زۆر
زیادیانکردووە، ژمارەیکی زۆری هاوڵاتییان بەهۆی هەژاری و کەمدەرامەتی و بێ کاروکاسبیەوە
لە ناوەندی شاردا هانا بۆ عارەبانە و دەستگێڕی دەبەن، بەمەش ناو بازاڕ بە تەواوی شێواوە
و قەرەباڵغێکی زۆری دروستکردووە، بە تەواوی خەڵکی بێزارکردووە و هاتووچۆی هاوڵاتیان
ئەستەم بووە، لە هەمانکاتدا دوکاندارەکان شۆستە و شەقامەکان بەکاردێنن و ئاستەنگ بۆ
هاتووچۆی هاوڵاتیان دروستدەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر کابینە و کەپر و سەیارە لەسەر
شەقامە گشتییەکان دانراون بۆ فرۆشتنی کاڵا جۆراوجۆرەکان، کە ئەمەش دیاردەی ناشارستانییە،
و گلەیی و گازندەی زۆری هاوڵاتیانی لێکەوتۆتەوە.
B/ زیادەڕەوی لە رووی کەسییەوە:
یەکەم/ زیادەڕۆکارانی خاوەن نفوز و دەسەڵات:
ئەوانە بازرگانی گەورەی زەوین، پشتئەستور بە نفوز و دەسەڵاتیان موڵکی
گشتی بە بەرچاوی حکومەتەوە داگیردەکەن، بە ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە بە زەبری هێز پارچە
زەویی گەورە کە دەیان دۆنم و هەندێجار سەدان دۆنم دەبێت. سیاج یان بلۆک بلۆک و دواتر
پارچە پارچەی دەکەن و دەیفرۆشنەوە، ئەمانە لە سەرووی یاساوەن، دامودەزگاکانی حکومەت
جگەلە پاڕانەوە و ئەملا و ئەولا کردن و قسەکردن لە راگەیاندنەکان دا هیچ دەسەڵاتێکیان
نیە و ناتوانن رێگریان لێ بکەن.
دووەم/ زیادەڕۆکارانی هەژار و کەمدەرامەت:
ئەمانە زیادەڕۆکاری پارچە زەویی بچوکن، بەهۆی هەژاری و نەداری و نەبونی
کار و کاسبی و شوێنی نیشتنەجێبون و بە نرخی زۆر کەم و بە قەرز و قۆڵەوە ئەم زەویانە
دەکڕن و کەلاوە و خانوویان لەسەر دروستدەکەن و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن، یاخود
خۆیان و ماڵ و منداڵیان تێدا نیشتەجێدەکەن و دەبن بە ئەمری واقع و داوای خزمەتگوزاری
و تاپۆکردنی دەکەن.
سێیەم/ زیادەڕۆکارانی حکومەت:
کە ئەمانە کارمەندی حکومەتن لەو دامودەزگایانەی کە پەیوەندیان بە پڕۆسەی
جیاکردنەوە و دابەشکردنی زەوییەوە هەیە، کە لە نەبوونی سیستمێکی رێکوپێکی کارگێڕی لە
جیاکردنەوە و دابەشکردنی زەوییەکان نەبوونی چاودێرییەکی پسپۆر و دڵسۆز بەسەر پڕۆسەکەوە،
ئەوانە لە نێوان خۆیان دا پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نامەشروع و نایاسایی دەبەستن بۆ وەلانان
و هێشتنەوەی کۆمەڵێک بلۆک و پارچە زەویی نایاب و روکنەکان بە ناوی وەهمی و هەندێجار
بە یاساییکردنیان و دواتر بەسەر خۆیاندا دابەشیدەکەن و دەیفرۆشن، لە زۆربەی کاتدا نوسینگەکانی
کڕین و فرۆشتنی زەویوزاریش هاوبەش و هاوکارن.
C/ هۆکاری پەرەسەندنی زیادەڕەوی:
١-
قەیرانە سیاسی و داراییەکانی هەرێم و ناوچەکە و
ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و داراییانەی هاوڵاتیان تێیکەوتوون. کە بەشێکی زۆریانی توشی
هەژاری و نەداری و بێ جێگە و رێگە کردووە و بووەهۆی هەڵتۆقانی خەڵکانێکی خاوەن نفوز
و دەسەڵات، کە هەندێکیان نابەرپرسانە دەستیان بە قۆرغکردنی زەویوزاری گشتی کردووە.
٢-
نەبوونی یاسایەکی توندوتۆڵ و یەکخراو (موحد) بۆ:
- چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرەکانی موڵکایەتی و زەوی.
- رووبەڕووبونەوەی زیادەڕۆکاران.
٣-
نەبوونی لامەرکەزیی (پارێزگاکان و دەزگا خزمەتگوزارییەکان)
و نەبوونی چاودێرییەکی بەهێز و تۆکمە و بەسەر دەزگاکانی جێبەجێکردنەوە و بەسەرچوونی
ماوەی یاسایی ئەنجومەنی هەڵبژاردراوی شارەوانیەکان و بێدەسەڵات و بێتوانایی ئەو ئەنجومەنانەی
ئێستا لەکاردان، کە ناتوانن پارێزگاری لە موڵکی گشتی بکەن.
٤-
دابەشنەکردنی زەوی لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە چارەسەرنەکردنی
کێشەی نیشتەجێبون و پێویستی هەزاران خێزانی بێ نەوا و زەویی نیشتەجێبوون.
٥-
لاوازیی هێزی دەزگاکانی پارێزەری موڵکی گشتی لە
رووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە و بێتوانایی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و داواکاری گشتی لە
رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی زیادەڕەوی.
D/ هەوڵەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی زیادەڕۆکاران:
١-
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژە بە بڕیاری
ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١٦ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدات، بە نوسراوی ژمارە (٤٨٥) لە
١٨/٥/٢٠١٦ راسپاردەیەک ئاڕاستەی (٧) دادوەری داواکاری گشتی دەکات و رایاندەسپێرێت
بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرپەرشتی بەڕێز (ئازاد ملا افندی) بە مەبەستی بەدواداچون
و کۆکردنەوەی زانیاریی لەسەر گشت زیادەڕەوییەکانی سەر زەویی حکومەت لە هەرێمی کوردستان،
کە داوادەکات ئەم لیژنەیە لە ماوەی یەک مانگدا کارەکانی تەواوبکات و زانیارییەکان بە
راپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم بەرزبکاتەوە.
٢-
نوسراوی نهێنی (بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی)/
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ژمارە ( ٦٧) لە ٣٠/٥/٢٠١٦ بۆ بەڕێوبەرایەتیی
شارەوانییەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان)، دەستەی گەشتوگوزار، سەرۆکایەتیی
شارەوانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەلار، هەڵەبجە) بۆ پێدانی زانیاریی تەواو و هاوکاریکردنی
لیژنەی پێکهاتوو لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٤٥) لە
١٨/٥/٢٠١٦.
٣-
نوسراوی وەزارەتی ناوخۆ/ بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی
دیوان/ بەڕێوبەرایەتیی کارگێڕی، ژمارە (١٣٣٢١) لە ١٤/٨/٢٠١٦، کە ئاماژە بە نوسراوی
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ژمارە (٥٥١٦) لە ٢٦/٧/٢٠١٦ دەدات، کە ئاگاداری سەرجەمی
سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان دەکات، هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ تەواوی شارەوانییەکانی
سەر بە وەزارەتمان بکەن، بە مەبەستی نەهێشتنی دیاردەی زیادەڕەوی و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.
٤-
لە ناوەڕاستی مانگی ٢ی ٢٠١٧ دا فەرمانگەی داواکاری
گشتی ئاگادارییەکی لە کەناڵەکانی راگەیاندن سەبارەت بەم دیاردەیە بۆ هاوڵاتیان بڵاوکردەوە،
کە ئەمە ناوەڕۆکەکەیەتی "کەسانێک بەبێ گوێدانە یاسا و رێساکان بەتایبەت لە سنوری
گوندەکانی نزیک شاری سلێمانی کە کەوتونەتە ناو ماستەر پلانی شارەوانی سلێمانیەوە
دەستییان بەسەر زەویی شارەوانی گرتوە و دەگرن و خانوو و بیناو کۆگاو دامەزراوەی دیکەی
لەسەر دروستدەکەن، یاخود زەوییەکە بەش بەش دەکەن و بە شێوەی پارچە زەویی نیشتەجێبوون
کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکەن. ئەم کردارانە بە تاوان هەژماردەکرێت و فەرمانگەکەمان بە
بەردەوامی بەدواداچوون دەکات، بۆ زانینی ناوی ئەو کەسانەی ئەو کارە ئەنجامدەدەن و سکاڵای
سزای لە دژیان دەجوڵێنین، بەبێ رەچاوکردنی پلە و پایە و پێگەی کەسە زیادەڕۆکارەکان،
هەربۆیە هاوڵاتیان ئاگاداردەکەینەوە خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی ئەو زەوی و خانووانە
و خۆیان نەکەنە قوربانی و پارە و داهاتی خۆیان نەکەنە گیرفانی کەسانێک، کە کڕین و فرۆشتن
بە موڵکێکەوە دەکەن، کە هی خۆیان نیە، چونکە ئەو کڕین و فرۆشتنانە تاوانن و پوچەڵن،
هەروەها رێکاری توند دەگرنەبەر بۆ رێگری لەو دیاردەیە و لابردنی زیادەڕۆکان".
٥-
نوسراوی بە پەلەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی
عیراق سەبارەت بە زیادەڕەویەکانی سەر زەوی حکومەت، ژمارە (م أ م / ١١٦ ) لە
٣١/١/٢٠١٧ کە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەتەکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و پارێزگاکانی عیراقی
کردوە، داوادەکا لە ماوەی یەک هەفتەدا زانیاریی ورد و تەواو لە خشتەی هاوپێچدا تۆماربکەن
لەسەر زیادەڕۆکانی سەر موڵکی گشتی لە رێگەی (Flash memory یان CD) بۆ دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی بنێرن، بە مەبەستی ئاڕاستەکردنی
سەرکردایەتیی ئاسایش بۆ لابردنی زیادەڕەوییەکان و راسپاردنی هێزی ئاسایشی تایبەت بۆ
نەهێشتنی زیادەڕۆکان و گرفتی زیادەڕۆکان.
٦-
کۆبونەوەی پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەکان
لە ناوەڕاستی مانگی ٢ی ٢٠١٧ دا کە بڕیاردرا بە زوترین کات هێزێکی هاوبەش لە پۆلیس و
ئاسایس و لیوای پاراستنی سلێمانی پێکبهێنرێت، پەلە لە ئیجرائاتی پێویست بکەن، بەڵام
تا ئێستا هیچ نەکراوە.
٧-
هەر لە مانگی ٢ ی ٢٠١٧ دا سەرۆکی شارەوانیی
سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا هانای بۆ وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە برد و داوای
لە حکومەت و داواکاری گشتی کرد، کە بەزووترین کات بێن بە هانایانەوە کە خەڵکانێک دژ
بە یاسا و رێنمایەکان قاچاخچیەتی بە موڵک و ماڵی حکومەتەوە دەکەن و دەبنە ملیۆنێر،
لەگەڵ ئەوەی چەندین جار کۆبونەوەی لەسەر کراوە و سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ نوسراوی
ئاڕاستەی هەموو بەپرسی ئیداری و شارەوانیەکان کردووە کە ئیجرائاتی بە پەلە بکەن، بەڵام
تاکو ئێستا هیچ ئیرادەیەک نیە وە هیچ هێزێک ئامادە نەکراوە و هیچ داواکاری گشتی یەک
سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک تۆمارنەکردووە و نە کەس گیراوە و نە زیادەڕۆکان رووخێنراون،
بەڵکو رۆژانە زۆرتر دەبن و بەردەوامن، چونکە دەزانن حکومەت بێدەنگە.
E/ چی بکرێ بۆ رێگریکردن لە زیادەڕەوییەکان و چارەسەرکردنیان؟
١-
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پەلەکردن لە
هەموارکردنەوەی ئەم یاسایانەی خوارەوە، بە مەبەستی چەسپاندنی لامەرکەزیی پارێزگاکان
و دامودەزگاکان:
- هەموارکردنەوەی ئەو یاساو بڕیارانەی پەیوەندیدارن
بە خاوەندارێتیی زەوییەوە، بە شێوەیەک بەرژەوەندیی موڵکی گشتی پارێزراو بێت.
- هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربونەوەی زیادەڕەوی
و توندکردنی سزاکان.
- هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی
٢٠٠٩ی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
- هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی
١٩٩٣ی ئەنجومەنی شارەوانییەکان.
٢- بەدامەزراوەکردنی سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێم، بە شێوەیەک هیچ کەسێک لە
سەرووی یاساوە نەبێت.
٣- دامەزراندنی دادگایەکی بەهێز و تایبەت بە بابەتی زیادەڕەوی و هەبوونی
لق لە هەموو یەکە کارگێڕییەکاندا.
٤- دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبون بە سیستمێکی کارگێڕییانەی مۆدێرن، کە عەدالەتی
تێدا بێت.