وەزارەتی داراییش لە (24/12/2020)دا بەنوسراوی ژمارە (17/3/ 9167) بەم شێوەیە وەڵامی ئەجومەنی پارێزگای سلێمانی دەداتەوە:
1. تاکو ئێستا زانیاری لەم شێوەیە نەدراوە بە هیچ پارێزگایەک.
2. بۆ ناردنی ئەم زانیاریانە پێویستە رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەر بگیرێت بۆ ئەم مەبەستە.
شیاوی باسە چەندینجار ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراوی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ زانینی داهات و خەرجی پارێزگاکە، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک ئامادە نەبووە ئەو زانیاریانە بداتە ئەنجومەنی پارێزگا، لە کاتێکدا دەستکەوتنی ئەم زانیاریانە هێندە قورس نین بۆ باڵاترین دەسەڵاتی پارێزگاکان بەمەرجێک ساڵانە پێشوەخت ئەنجومەنەکان لەگەڵ پارێزگارو بەڕێوبەرایەتییە گشتیەکان کار لەسەر ئەو پرسە بکەن هەماهەنگییان هەبێت....
یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009) لە ماددەی بیست و حەوتەم بەم جۆرە باس لە داهاتی پاریزگاکان دەکات ئەم زانیاریانەش پێویستە لە بەردەست پارێزگارەکاندا هەبن:
داهاتی دارایی پارێزگا لەمانەی خوارەوە پێكدێ:
یەكەم: ئەوەی كە حكومەتی هەرێم لەناو بودجەی گشتی هەرێمدا بۆ پارێزگای تەرخان دەكات.
دووەم: ئەو داهاتانەی كە پارێزگا دێتە دەستی لە ئەنجامی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشكەشی دەكات و وەزارەتی دارایی لەو داهاتانە ئاگادار دەكاتەوە كە وەدەستی هاتوون.
سێیەم: ئەو پیتاك و بەخششانەی كە بەرەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران دێـتە دەستی.
چوارەم: ئەو داهاتانەی كە لە فرۆشتن و بەكرێدانی ماڵی گواستراوەی دەوڵەت بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم وەدەستی دێنێ.