/   هەواڵ
فراکسیۆنی نەوەی نوێ: لە رێگەی دامودەزگا دەستورییە ئیتیحادییەکانەوە فشار دەخەینە سەر حکومەتی ھەرێم
2019-02-14
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئەرکی دەستبەجێی حکومەتی ھەرێمە پاشەکەوتکردنی نایاسایی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی پێبێنێت، هەروەها لە راگەیاندراوەكەدا هاتوە، ئێمە چاوپۆشی لە بەردەوامی ئەو زوڵمە نایاساییە ناکەین و لە رێگەی دامودەزگا دەستورییە ئیتیحادیەکانەوە فشار دەخەینە سەر حکومەتی ھەرێم، هەروەها لە روونكردەوەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە چارەسەرکردنی کێشەی پاشەکەوتکردنی نایاسایی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگە، بەھەوڵ و پشتیوانی زۆرێك لە پەرلەمانتارە کوردەکان و دۆستەکان بووە لە پەرلەمانی عێراق.
ئەمەی خوارەوەش دەقی راگەیەندراوەكەیە:
ھەروەك لە بانگەشەی بەرنامەکانمان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕامانگەیاندبوو، چارەسەرکردنی کێشەی پاشەکەوتکردنی نایاسایی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگە، یەکێك لە کارە سەرەکی و لەپێشینەکانمان بوو، ئەوەش لە رێگەی لێکتێگەیشتن و رێکەوتن لەگەڵ حکومەتی ئتیحادی و حیزب و بزوتنەوە سیاسییە سەرەکیەکانی عێراق.
دواجار لەسەر بنەمای دیدگای نەوەی نوێ و ھەوڵ و پشتیوانی زۆرێك لە پەرلەمانتارە کوردەکان و دۆستەکانمان لە پەرلەمانی عێراق، توانیمان گرفتی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگە لە کێشە و ناکۆکییەکانی دۆسێی نەوت لە نێوان ھەردوك حکومەتی ئیتیحادی و ھەرێم جیا بکەینەوە و لە یاسای بودجەی ٢٠١٩ ی عێراق ئەو بنەما و مافانە بچەسپێنین.
بۆیە، ئێستا کە یاسای بودجەی ٢٠١٩ ی عێراق کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێمە بە راشکاوی رایدەگەیەنین کە ئەرکی دەستبەجێی حکومەتی ھەرێمە پاشەکەوتکردنی نایاسایی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی پێبێنێت. سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە چاوپۆشی لە بەردەوامی ئەو زوڵمە نایاساییە ناکەین و لە رێگەی دامودەزگا دەستورییە ئیتیحادییەکانەوە فشار دەخەینە سەر حکومەتی ھەرێم، داوا لە فەرمانبەرانی ھەرێم دەکەین ھیچیتر لە بڕینی قوتی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان بێدەنگ نەبن و ھەموان پێکەوە حکومەتی ھەرێم ناچار بکەین کۆتایی بە زوڵم و ستەمی پاشەکەوتکردنی نایاسایی موچەی فەرمانبەران و ھێزەکانی پێشمەرگە بھێنێت.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ - پەرلەمانی عێراق
١٤ ی شوباتی ٢٠١٩